بوار، تایبەت
لە کاتێکدا دەنگۆی هەوڵی لایەنە سیاسییەکان بۆ گەڕانەوە بۆ خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە ڕێگەی 'ئەنجوومەنی شوورا'وە گەرم بووە، پسپۆڕان و چاودێرانی سیاسی هۆشداری دەدەن کە ئەم هەنگاوە نەک هەر نایاساییە، بەڵکو تێکدانی تەواوی پرەنسیپە دەستوورییەکانە.
پەرلەمان باڵادەستە نەک شوورا
د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ڕێکخراوی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، ڕایگەیاند، پەرلەمان بەرزترین دامەزراوەی تەشریعییە و لە سەرووی هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەرییە. ناوبراو دەپرسێت: "چۆن دەبێت دامەزراوەیەک کە خۆی لەژێر چاودێری پەرلەماندایە، بڕیار لەسەر شەرعییەت و کاراکردنەوەی باڵاترین دەسەڵاتی وڵات بدات؟"
ئەنجوومەنی شوورا لە کوێی هاوکێشەکە دایە؟
سەرۆکی ڕێکخراوی پەی ڕوونیکردەوە کە ئەنجوومەنی شوورا تەنها بەڕێوەبەرایەتییەکی سەر بە وەزارەتی دادە و ئەرکەکەی تەنها لێکدانەوەی یاسا تەمومژاوییەکانە، نەک بەخشینی شەرعییەت بە دەزگایەکی پەککەوتوو. بە وتەی ئەو، پەنابردن بۆ ئەم ڕێگەیە تەنها "کودەتایەکی یاساییە" بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی.
تاکە کلیلی چارەسەر
بەپێی دیدگەی یاسایی د. سەروەر، هیچ ڕێگەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان نییە جگە لە ڕێگەی یاسایی خۆی، ئەویش کۆکردنەوەی زۆرینەی 50+1ی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانە. جەخت دەکاتەوە کە هەر هەوڵێکی دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە، تەنها هەوڵێکی بێ بنەمایە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی کە لایەنە سیاسییەکان تێیکەوتوون و نەگەیشتوونەتە ڕێكکەوتنی پێویست