بوار، تایبەت
بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و ڕاگرتنی سیمای شارستانیی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆ بڕیارێکی نوێ و تووندی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە ناو ئۆتۆمبێلەکانەوە ڕاگەیاند. بڕیارەکە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە و لەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سزای دارایی و چاودێریی تووند
بەپێی بڵاونامە فەرمییەکەی هاتووچۆ، هەر شۆفێرێک یان سەرنشینێک لە کاتی ڕۆیشتن یان وەستانی ئۆتۆمبێل، هەر جۆرە پاشماوە و زبڵێک فڕێ بداتە سەر شەقام و شۆستەکان، بڕی (٤٠,٠٠٠ چل هەزار دینار) وەک سزای دارایی بۆ ئۆتۆمبێلەکەی یان ماتۆڕسکیلەکەی تۆمار دەکرێت.
تەکنەلۆژیا و کامێراکان دەخرێنە خزمەت ژینگەوە
ئەوەی ئەم بڕیارە لەوانی پێشوو جیا دەکاتەوە، شێوازی تۆمارکردنی سەرپێچییەکەیە؛ بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم سزایە دەخرێتە ناو سەرجەم سیستمەکانی تۆمارکردنی سەرپێچی، لەوانە ئامێرەکانی PDA و تەنانەت کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی و چاودێریش بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێنرێن.
هاوڵاتیان دەبنە چاودێر
هاتووچۆ دەسەڵاتی تەواوی داوەتە ئەفسەرانی هاتووچۆ کە لە کاتی بینینی سەرپێچییەکەدا ڕاستەوخۆ سزا بسەپێنن. هاوکات، دەرگای بۆ هاوڵاتیانیش کردووەتەوە تا وەک چاودێرێکی ژینگەیی هاوکار بن؛ هەر ڤیدیۆ و وێنەیەک کە لەلایەن هاوڵاتیانەوە تۆمار دەکرێت و بۆ پلاتفۆرمەکانی هاتووچۆ ڕەوانە دەکرێت، دەبێتە بنەمای یاسایی بۆ سزادانی سەرپێچیکار