عێراق لە چاوەڕوانی حکومەتی نوێدایە
بەپێی خشتەی کاری فەرمیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق دانیشتنێک بۆ متمانەدان بە کابینەی نوێی حکومەت ئەنجام بدات و کۆتایی بە پرسی پێکهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بهێنێت.
لە نووسراوێکى فەرمیدا، کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، خشتەی کاری دانیشتنی ژمارە (٢٤)ـی خولی هەڵبژاردنی شەشەم ئاشکرا کراوە.
بە گوێرەى نووسراوەکە، بڕگەی سەرەکی و گرنگی ئەم دانیشتنە، تایبەتە بە یەکلاییکردنەوەی پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
دانیشتنەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستپێدەکات و دواتر پەرلەمانتاران ڕاستەوخۆ دەچنە سەر تەوەری سەرەکی، کە ئەویش دەنگدانە لەسەر هەردوو پرسی "کارنامەی وەزاری" و "کابینەی پێشنیازکراوی حکومەت"، کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو، عەلی فالح زەیدیـیەوە پێشکەش دەکرێت.
ئەم دانیشتنە هەنگاوێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەیە بۆ پرۆسەی سیاسی عێراق، کە چاوەڕوان دەکرێت تێیدا متمانە بە کابینەی نوێ ببەخشرێت و حکومەت دەست بە جێبەجێکردنی کارنامەکەی بکات.