گرنگ

گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە کەشوهەوادا؛ شەپۆلێکی فێنکی، تاوەباران و خۆڵبارین ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات

2026-05-14

 
 
لە سبەی هەینییەوە، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەکی نوێوە، کە لە دەریای ناوەڕاستەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەم شەپۆلە گۆڕانکاریی خێرا لە کەشوهەوادا دروست دەکات و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەکاتەوە، هاوکات ئەگەری دروستبوونی شەپۆلێکی خۆڵبارین و تاوەبارانی پچڕپچڕی لێ دەکەوێتەوە.

بەپێی زانیارییە کەشناسییەکان، بۆ سبەی هەینی، کاریگەرییەکانی ئەم بارستە هەوا فێنکە بە چالاکبوونی بای باشووری ڕۆژئاوا دەست پێدەکات، پێشبینی دەکرێت خێرایی با لە نێوان 15 بۆ 40 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بێت، کە لە ئەنجامی ئەمەشدا ئەگەری هەیە شەپۆلێکی تۆز و خۆڵ لە بیابانەکانی ڕۆژئاوای عێراقەوە بەرەو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بێت.

هاوکات، لە دوانیوەڕۆی هەینییەوە تاوەکو کاتەکانی شەو، بارودۆخی کەشوهەوا ناجێگیر دەبێت، پێشبینی دەکرێت لە کات و شوێنی جیاوازدا تاوەباران و هەورەبرووسکە چالاک ببن، هەرچەندە بڕی بارانەکە بە گشتی کەم دەبێت، بەڵام لە هەندێک ناوچەدا ئەگەری تاوەبارانی مامناوەند و بەخوڕی لەناکاو هەیە، هەر لەو ڕۆژەدا پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 2 بۆ 3 پلە نزم دەبنەوە.

بۆ ڕۆژی شەممە، کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆکە زیاتر دەبێت، پلەکانی گەرما ٤ بۆ 5 پلەی دیکە نزم دەبنەوە و کەشێکی تەواو فێنک باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت.

سەبارەت بە بارانبارین، ناجێگیریی بەرگەهەوا هەرچەندە بە شێوەیەکی لاوازتر بەردەوام دەبێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە نێوان کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارەدا، تاوەباران و هەورەبرووسکە بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چالاک ببنەوە، کاریگەریی بارانبارینی ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکانی دیکەی هەرێم لاوازتر دەبێت.
بۆ ڕۆژانی دوای کۆتایی هەفتەش، پاشماوەی کاریگەریی ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە بە لاوازی لەسەر ناوچەکانمان دەمێنێتەوە، کەشوهەوای فێنک بەردەوامی دەبێت و ئەگەری تاوەباران و برووسکەی کورتخایەن هەر دەمێنێت، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان و گوندە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color