گرنگ

 گرنگ

حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵاوگە "نایاساییەکان" دادەخات و بەرپرسانی باڵا دەیکەنەوە

2021-08-27

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵاوگە "نایاساییەکان" دادەخات و بەرپرسانی باڵا دەیکەنەوە

بوار نیوز، تایبەت
جارێکی دیکە بۆنی پیسی پاڵاوگە "نایاساییەکان" دانیشتوانی پارێزگای هەولێریان هەراسان کردوە، بۆیە لەماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە 12 پاڵاوگەیان داخران، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی دەستەی ژنیگەیە، بە پاڵپشتی بەرپرسانی باڵا، جارێکی تر پاڵاوگەکان دەکەنەوە.
لەماوەی سێ‌ ساڵی ڕابردودا، سێ‌ لێژنەی باڵا لەسەر ئاستی وەزارەتەکانی ناوخۆو سامانە سروستییەکان و کشتوکاڵ و دەستەی ژینگە بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان پێکهێندراوە، بەڵام "نەتواندراوە" چارەسەری پاڵاوگەکان بکرێت و بە یەکجاریی دابخرێن.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، بەهۆی ئەوەی زۆربەی پاڵاوگەکان هی بەرپرسانی باڵای حزبی و حکومین، بۆیە دوای چەند هەفتەیەک لەداخستنیان، دەکرێنەوە.
ڕەزاق خەیلانی، بەڕێوەبەری هۆشیاریی و ڕاگەیاندن لەدەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان زانیارییەکانی بواری پشتڕاستکردەوەو گوتی: "هەندێک لە پاڵاوگەکان دادەخرێن، کەچی دوای ماوەیەک دەکرێنەوە، بەشێکی دیکەشیان تێکدەدرێن، بەڵام دواتر بەشێوەی زێدەڕۆیی دروستدەکرێنەوە، چونکە کەسانی پلەباڵایان لەپشتەوەیە".
لەکاتی سەردانی لێژنە حکومییەکان خاوەن پاڵاوگەکان بەڵێن دەدەن، سەرجەم ڕێنماییەکانی حکومەت جێبەجێ بکەن، بەڵام دواتر بەڵێنەکان جێبەجێ ناکەن و لەبەرامبەردا ئامادەن سزای ماددیی بدرێن.
ڕەزاق خەیلانی دەڵێت: "لەچەند ساڵی ڕابردودا نەتواندراوە کێشەی پاڵاوگەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام ئەمجارە حکومەتی هەرێم جددییە، بۆیە ئەمجارە یان دادەخرێن یاخود دەبێت خۆیان لەگەڵ ڕێنماییە قوڕسەکان بگونجێنن، زەحمەتە ئەو مەرجانەیان پێ جێبەجێ بکرێت".
بەهۆی بڵاوبونەوەی بۆنی پیس لە پارێزگای هەولێر، لە کۆی 75 پاڵاوگە 21یان داخراون، هەروەها هەر 17 پاڵاوگەکەی سلێمانی داخراون و دوا مۆڵەتیش دراوە بەپاڵاوگە نایاساییەکانی دهۆک بۆ داخستنیان کە ژمارەیان 32 پاڵاوگەیە.
ئەو مەرجانەی بەسەر پاڵاوگەکان جێبەجێدەکرێن، بریتین لە؛ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ‌ (بەپێی ئەو مەرجانەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دایناوە)، هەروەها دەبێت پاڵاوگەکان دەرهاوێشتەیان نەبێت و فلتەر دابندرێت و خاک و ئاو و هەوا پیس نەکات، پاشەڕۆ فڕێ نەدەن و ڕێژەییەکی زۆر سەوزاییشیان هەبێت".
لەبارەی ئەوەی پاڵاوگەکان دەتوانن ئەو مەرجانە جێبەجێ بکەن، ڕەزاق خەیلانی گوتی: "زۆر زەحمەتە بتوانن، چونکە لە کۆی 54 پاڵاوگەی نایاسایی تەنیا یەکێکیان مەرجەکانی جێبەجێ کردوە ئەمەش بۆ پاڵاوگەکانی دهۆکیش ڕاستە".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color