گرنگ

سەدر هێزەکانی 'سەرایا سەلام' ڕێکدەخاتەوە؛ بڕیاری تووند لەسەر جۆری ئۆتۆمبێل و شێوازی دەرکەوتنیان دەردەچێت

2026-05-14

 
بوار، تایبەت

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا بۆ تووندکردنەوەی دیسپلینی ناوخۆیی، نووسینگەی تایبەتی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، زنجیرەیەک ڕێنمایی و فەرمانی نوێی بۆ سەرکردە و ئەندامانی 'سەرایا سەلام' دەرکرد.
🔴سنووردارکردنی ئۆتۆمبێلەکان؛ تەنها 'کۆری و چینی' ڕێگەپێدراون

یەکێک لە خاڵە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی بڕیارەکەی سەدر، دەستنیشانکردنی جۆری ئەو ئۆتۆمبێلانەیە کە بەرپرسانی فیرقە و لیواکان دەتوانن بەکاریبهێنن.
 
بەپێی فەرمانەکە، نابێت ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە چوار دانە تێپەڕێت و دەبێت تەنها دروستکراوی کۆمپانیاکانی 'کۆریا و چین' بن. ئەمە جگە لەوەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی ڕەش، جامی ڕەش، و هەڵواسینی وێنەی بنەماڵەی سەدر یان ناوی 'سەرایا سەلام' لەسەر ئۆتۆمبێلەکان بە تووندی قەدەغە کراوە.
 
🟢کۆتاییهێنان بە ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ و چوونە ناو فەرمانگەکان
سەدر جەختی کردووەتەوە کە دەبێت سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانی ئەم هێزە خاوەنی تابلۆ و بەڵگەنامەی فەرمی بن و ملکەچی یاساکانی هاتووچۆ و خاڵە پشکنینە ئەمنییەکان بن، هەروەها وەک ڕێزگرتن لە شکۆی دەوڵەت و شوێنە پیرۆزەکان، چوونە ژوورەوەی ئۆتۆمبێلی فەرمیی سەرایا سەلام بۆ ناو مەزارگەکان و فەرمانگە حکومییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کرا.
 
🟢هەڵگرتنی قورئان و ڕێزگرتن لە ئادابی گشتیی
لە پاڵ ڕێکارە سەربازی و کارگێڕییەکاندا، ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕەهەندێکی مەعنەوی داوە بە ڕێنماییەکان؛ فەرمانی کردووە کە هەر ئەندامێکی سەرایا سەلام دەبێت نوسخەیەک لە 'قورئانی پیرۆز' لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا دابنێت. هاوکات، جەختی لەسەر ڕێکخستنی دەرکەوتنی دەرەکی کردووەتەوە، بە شێوەیەک کە شێوازی قژ، ڕیش و جلوبەرگی ئەندامەکان دەبێت گونجاو بێت لەگەڵ ئادابی گشتی و دوور بێت لەو شێوازانەی کە لەگەڵ بنەما ئاینی و کۆمەڵایەتییەکاندا یەکناگرنەوە.
 
ئەم بڕیارانە وەک هەوڵێکی سەدر دەبینرێت بۆ کەمکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان و نیشاندانی وێنەیەکی ڕێکخراو و یاسایی لە هێزەکانی، دوور لە هەژموونی سەربازی لە ناو شارەکاندا.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color