گرنگ

وردەکاریی دووەم دانیشتنی دادگای لاهور شێخ جەنگە

2026-05-16

 


شاهێدێکی کەیسی لاهور شێخ جەنگی: "هێندە ئەشکەنجە دراوم پیاوەتیم لەدەستداوە"
#بوار
لە دووەمین دانیشتنی ئاشکرای دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لە دادگای سلێمانی، گرژی و گۆڕانکاریی چاوەڕواننەکراو روویاندا، کاتێک شاهێدێکی دۆسیەکە ئاشکرایکرد لەژێر "ئەشکەنجەی دڕندانەدا" ناچار بە دانپێدانان کراوە، هاوکات تۆمەتبارانی دۆسیەکەش سەرجەم ئەو تۆمەتانەیان رەتکردەوە کە ئاراستەیان کرابوو.

بەپێی راپۆرتێکی مەیدانیی رۆژنامەنووس محەمەد رەئوف، کە لە ناو هۆڵی دادگاکەدا ئامادەبووە، دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتیی سێ دادوەر (دوو پیاو و ژنێک) و بە ئامادەبوونی داواکاری گشتی بەڕێوەچوو، لە دانیشتنەکەدا لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی، رێبوار حامید حاجی غالی و نۆ دەستگیرکراوی دیکە ئامادەبوون، کە بەشێکیان لەناو قەفەزی تۆمەتباران و بەشەکەی دیکەیان بەهۆی نەبوونی جێگەوە لە دەرەوەی قەفەزەکە راگیرابوون، لە بەرامبەریشدا تیمی بەرگریی تۆمەتباران کە لە 12 پارێزەر پێکهاتبوون، ئامادەی دانیشتنەکە بوون.

بەوتەى محەمەد رەئوف، لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، سەرۆکی دادگا دەستیکرد بە خوێندنەوەی وتەی تۆمەتباران، کە پێشتر لە قۆناغی لێکۆڵینەوەی ئاسایشدا لێیان وەرگیرابوو، کە کەیسەکە پەیوەندی بە رووداوەکانی "لالەزار"ەوە نەبوو، بەڵکو بەپێی مادەی (56) تایبەت بوو بە "ڕێککەوتنی تاوانکاری" و هەوڵی کودەتا و تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی.

لە بەشێکی خوێندنەوەکاندا، دادوەر ئاماژەی بە رووداوی 22ـى ئابی 2025 کرد، کە تێیدا دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) ئاراستەی ماڵی مام جەلال کراون، کە یەکێکیان لە پشتی ماڵەکە و ئەوەی دیکەیان لە بەردەم ماڵی بافڵ تاڵەبانی کەوتبووە خوارەوە، لە وەڵامی ئەمەدا، لاهور شێخ جەنگی دەستبەجێ رایگەیاند: "جەنابی حاكم، کاک بافڵ خۆیشی باش دەزانێت، کە ئەو دوو درۆنە هی تورکیا بوون."

هەر بە وتەى محەمەد رەئوف، لاهور شێخ جەنگی لە بەردەوامیی قسەکانیدا متمانەی خۆی بە دادگا راگەیاند، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، سەرجەم ئەو گەنجانەی دەستگیرکراون "لەژێر ئەشکەنجەی قورسدا وتەیان لێ وەرگیراوە". وتیشی: "من هاوسەرۆکی یەکێتی بووم و دەزانم ئەو هێزانە هەمووی هێزی یەکێتین و حزبین."

بورهان رەشید، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، رەخنەی لە دادگا گرت، کە بۆچی تا ئێستا کەیسەکەیان بۆ وردبینی نەناردووەتە دادگای تەمیز لە هەولێر، محەمەد رەئوف لەو بارەوە دەڵێت، دادوەر لە وەڵامدا هۆکارەکەی بۆ تەواونەبوونی دۆسیەکان گەڕاندەوە و ئاماژەی بە قەبارەی پەڕاوەکان کرد، کە یەکێکیان 687 لاپەڕە و ئەوەی دیکەیان 252 لاپەڕەیە.

لە کاردانەوەی ئەمەدا، یەکێک لە پارێزەرەکان وەک ناڕەزایەتییەک وەرەقەی کشانەوەی پێشکەش بە دادوەر کرد، کە لەلایەن دادوەرەوە قبوڵکرا، بەڵام دواتر سەرۆکی تیمی پارێزەران رێگری لەو کشانەوەیە کرد، لە بەرامبەریشدا دادوەر رەخنەی توندی لە دەستەی پارێزەران گرت و پێی راگەیاندن لە 26ـی نیسانەوە دۆسیەکە لەبەردەستیدایە، بەڵام یەک پارێزەر نەهاتووە داوای بکات و سەیری بکات.

بە وتەى ئەو رۆژنامەنووسە، کە لە دانیشتنەکە ئامادە بووە، یەکێک لە ساتە هەرە هەستیارەکانی دادگاییکردنەکە، هێنانە ژوورەوەی شاهێدێکی تەمەن 31 ساڵ بوو، دوای سوێندخواردن و گێڕانەوەی پرۆسەی گواستنەوەی جانتایەک لە ماڵی لاهور شێخ جەنگییەوە بۆ شوقەیەک لە دەباشان، شاهێدەکە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو باسی لەو دۆخە دڕندانەیە کرد کە رووبەڕووی بووەتەوە.

شاهێدەکە بە دادوەری راگەیاند: "جەنابی حاكم، من ئەشکەنجەی زۆر دراوم، سەرم پێنج تەقەڵی پێوەیە، پشتم چەقۆی پێوەیە، دەم و دانم شکێندراوە."

لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاشکرا وتی: "هێندە ئەشکەنجە دراوم، پیاوەتیم لەدەستداوە."

کاتێک دادوەر لێی پرسی، کە ئایا ئەو وتانەی پێشتر تۆماری کردوون لەژێر فشاردا بووە، شاهێدەکە جەختی کردەوە: "بۆ ئەوەی جارێکی تر بەو شێوەیە رووبەڕووی لێدان نەبمەوە، پێم وتوون هەرچی دەڵێن من دەڵێم وایە و بینووسن، چونکە دڵنیابووم ئەشکەنجەم دەدەنەوە."

لە بەرامبەر ئەم وتانەدا، تۆمەتبار رێبوار حامید حاجی خالید بەدواداچوونی بۆ قسەکانی شاهێدەکە کرد و وتی: "ئەو کوڕە تەنها سێبەری من بووە و هیچ تاوانێکی نییە، ئەگەر هەر شتێک هەبێت منم."

دەستەی پارێزەرانیش بەپەلە داوایان لە دادوەر کرد، کە دۆسیەی ئەم شاهێدە بگوازرێتەوە بۆ لای پۆلیس، چونکە مەترسیی ئەوە هەیە بەهۆی ئەم قسانەی ناو دادگاوە دووبارە رووبەڕووی ئەشکەنجەدان ببێتەوە.

لە کۆتاییدا، سەرۆکی دادگا سەرجەم ئەو وتە و سکاڵایانەی تایبەت بوون بە ئەشکەنجەدان تۆمار کرد و کۆتایی بەو دانیشتنە هێنا، بەو پێیەی پرۆسەی دادگاییکردنەکە لە دانیشتنەکانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت. 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color