گرنگ

دەستی دادپەروەریی گەیشتە تاوانباران و جینۆساید کۆن نابێت

2026-05-16

 


بوار، تایبەت
لە هەنگاوێکی مێژووییدا بۆ چەسپاندنی دادپەروەریی، بڕیاری سزادانی تاوانبار عەجاج تکریتی، کە بە 'جەللادەکەی نوگرەسەلمان' ناسراوە، پێشوازییەکی بەرفراوانی لێدەکرێت و وەک سەرکەوتنی ئیرادەی گەلی کوردستان و کەسوکاری ئەنفالکراوان لەقەڵەم دەدرێت.

🟢دادپەروەریی دوای چەندین ساڵ
لە ڕاگەیاندراوێکدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،
سزادانی ئەم تاوانبارە دوای ساڵانێکی درێژ، پەیامێکی ڕوونە بۆ هەمووان کە تاوانەکانی جینۆساید و دژی مرۆڤایەتی دەرهەق بە گەلی کوردستان، بە تێپەڕبوونی کات کۆن نابن. ئەم بڕیارە سەلمێنەری ئەوەیە کە دەستی دادپەروەریی، هەرچەند کاتی بخایەنێت، دواجار دەگاتە ئەو کەسانەی دەستیان لە خوێنی بێتاواناندا سوور بووە.

🟢دەستخۆشی لە شایەتحاڵە بوێرەکان
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ستایشی ڕۆڵی گرنگی دادوەران، پارێزەران و بەتایبەتی شایەتحاڵە بوێرەکان کراوە، کە بە گێڕانەوەی ڕاستییەکان و ئازارەکانیان، هاوکارێکی سەرەکی بوون لە گەیاندنی تاوانبار بە سزای یاسایی خۆی. ئەمە وەک لانی کەم لە دڵدانەوەیەک بۆ برینی سارێژنەبووی دایکان و باوکانی ئەنفالکراوان دەبینرێت.

🟢داوای قەرەبووکردنەوە لە بەغدا
لەگەڵ دەرچوونی ئەم بڕیارە، جارێکی تر جەخت لەسەر بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی حکومەتی عێراقی فیدراڵ کرایەوە. سەرۆکی هەرێم دەڵێ، پێویستە بەغدا ئەرکی خۆی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق جێبەجێ بکات و قەرەبووی ماددی و مەعنەوی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بکاتەوە، چونکە ئەم تاوانە بە فەرمی وەک جینۆساید ناسێنراوە.

🟢کۆتایی ستەم
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەمڕۆ جارێکی تر سەلمێنرا کە 'ئیرادەی ماف و ژیان لە هەموو ستەم و دڕندەییەک بەهێزترە'. سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەنفال و تەواوی شەهیدانی کوردستان دادەنەوێندرێت و یادیان بە بەرزی ڕادەگیرێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color