ترەمپ هۆشدارییەکی توند دەداتە ئێران
#بوار
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توندی دایە کۆماری ئیسلامی ئێران و بە راشکاوی رایگەیاند، چیتر ئارامی بەرامبەر تاران نەماوە، هاوکات ئاشکرای دەکات، دەیەوێت دەست بەسەر یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێراندا بگرێت.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "فۆکس نیوز"ـی ئەمریکی، کە لە پەراوێزی سەردانەکەیدا بۆ پەکینی پایتەختی چین ئەنجامیداوە، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کاتی ئێران بەرەو تەواوبوون دەچێت، سەرۆکی ئەمریکا بە تۆنێکی هەڕەشەئامێزەوە رایگەیاند: "چیتر ئارام ناگرم، دەبێت بگەنە رێککەوتنێک."
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، ترەمپ باسی لە هەستیارترین دۆسیەی نێوان هەردوو وڵات کرد، ئەویش یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانە، سەبارەت بە چارەنووسی ئەو یۆرانیۆمە و هەنگاوی داهاتووی ئەمریکا، ترەمپ بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو وتی: "دەکرێت بخرێتە ژێرخاکەوە، بەڵام پێم باشترە خۆم بەدەستیبهێنم و بیبەم."
سەرەڕای بەکارهێنانی ئەو زمانە توندە، سەرۆکی ئەمریکا دەرگای دیپلۆماسی بە تەواوی دانەخست و باسی لەوە کرد، ئەو سەرکردە ئێرانییانەی ئیدارەکەی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، "کەسانێکی ژیر و عەقڵانین".
لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ بۆ چارەسەرکردنی گرێکوێرەی ئێران، چاوی لە هاوکارییەکانی پەکینە و پێیوایە شی جینپینگ، هاوتا چینییەکەی، خاوەنی پێگەیەکی بەهێزە و "توانای کاریگەری دانانی لەسەر ئێران هەیە"، بۆیە پشت بە هەوڵەکانی ئەویش دەبەستێت بۆ گۆڕینی هەڵوێستی تاران.