کەشناسیی هۆشداری دەدات
#بوار
دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق، پێشبینییەکانی بۆ رەوشی کەشوهەوای چەند رۆژی داهاتوو بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، گۆڕانکارییەکی خێرا لە کەشوهەوادا روودەدات و شەپۆلێکی بارانبارین و دابەزینی پلەکانی گەرما، لەگەڵ بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ ناوچە جیاجیاکانی عێراق دەگرێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەکە، کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، سبەینێ شەممە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە کەشوهەوادا هەست پێدەکرێت؛ ئاسمان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور (هەرێمی کوردستان) نیمچە هەور و هەندێک کات هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بارینی بارانی سووک و مامناوەند، لەکاتێکدا لە ناوچەکانی باشوور کەش ساماڵ دەبێت.
دەستەی کەشناسی هۆشداریش دەدات، خێرایی با لە باکووری رۆژئاواوە چالاک دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی شەپۆلێکی تۆز و خۆڵ لە ئاستی سووک بۆ مامناوەند، لەگەڵ ئەوەشدا، پلەکانی گەرما لە سەرتاسەری وڵاتدا بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن بەراورد بە رۆژانی رابردوو.
سەبارەت بە کەشوهەوای رۆژانی دواتر، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، رۆژى یەکشەممە:کەشوهەوا بەگشتی بەرەو جێگیربوون دەچێت، بەڵام ئەگەری نمە باران لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان هەر دەمێنێت و پلەکانی گەرما کەمێک روو لە بەرزبوونەوە دەکەن.
هەروەها رۆژى دووشەممە ئەگەری بارانبارینی سووک لە ناوچە شاخاوییەکانى هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت، لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووریش بەهۆی چالاکبوونی باوە، پێشبینی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵی ناوخۆیی دەکرێت و پلەکانی گەرما چەند پلەیەک بەرز دەبنەوە، رۆژى سێشەممەش دۆخەکە بە جێگیری دەمێنێتەوە، لەگەڵ مانەوەی ئەگەری بارانی سووک لە ناوچە شاخاوییەکان لە هەرێم، لەکاتێکدا پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی باشوور کەمێک دادەبەزن و لە ناوچەکانی تریش جێگیر دەبن.