#بوار
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە هاوتا چینییەکەی هاوڕایە لەگەڵ واشنتن بۆ ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە. ترامپ ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆربەی توانای مووشەکی ئێران لەناوبراوە و ئامادەیی نیشاندا سزاکانی سەر ئەو کۆمپانیا چینییانە هەڵبگرێت کە نەوتی ئێران دەکڕن.
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا، دۆناڵد ترامپ ئاشکرای کرد کە "شی جین بینگ"، سەرۆکی چین، جەختی لەسەر پێویستی ڕێگریکردن لە ئێران کردووەتەوە بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی. ترامپ وتی: "سەرۆکی چین بە توندی پێی وایە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و داوا دەکات تاران گەرووی هورمز بە کراوەیی بهێڵێتەوە."
سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە لاری نییە لەوەی ئێران بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ چالاکییە ئەتۆمییەکانی ڕابگرێت، بە مەرجێک پابەندییەکی ڕاستەقینە بێت. هەروەها پێشنیاری کرد کە پاشماوە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕەوانەی ئەمریکا یان چین بکرێن بۆ دڵنیابوونەوە لە بەکارنەهێنانیان.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترامپ ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە کە باس لە مانەوەی هێزی مووشەکی ئێران دەکەن و جەختی کردەوە کە: "%٨٠ی توانای مووشەکی ئەو وڵاتە کۆتایی پێهاتووە و چیتر مەترسی نین."
لە کۆتاییدا، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئێستادا تاوتوێی بڕیاری هەڵگرتنی سزاکان دەکات لەسەر ئەو کۆمپانیا چینییانەی کە نەوت لە ئێران دەکڕن، بە مەبەستی باشترکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ پەکین، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە بدات.