گرنگ

هەنگاوێکی تووند بۆ کۆتاییهێنان بە زێدەڕۆیی؛ وەزارەتی ناوخۆ لێژنەی 'خاوەن دەسەڵات' پێکدەهێنێت

2026-05-17

 

بوار، تایبەت
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی گشتیی، زنجیرەیەک ڕێککاری تووند و نوێی بۆ ڕێگریی و لابردنی هەر جۆرە زێدەڕۆییەک ڕاگەیاند.

بەگوێرەی فەرمانێکی وەزاری کە بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە، دەسەڵاتی ڕووبەڕووبوونەوەی سەرپێچییەکان بۆ ئاستی شارەدێ و شارۆچکەکان شۆڕ دەکرێتەوە.

🔴پێکهێنانی لێژنەی باڵا و لاوەکی
بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لێژنەی تایبەت لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کە ڕاستەوخۆ بە پارێزگار و سەرپەرشتیارەکانەوە دەبەسترێنەوە. پێکهاتەی لێژنەکان بەم شێوەیە دەبێت:
📌لێژنەی سەرەکی: بە سەرۆکایەتی ئەفسەرێکی چالاکی پۆلیس و ئەندامییەتی نوێنەرانی ئاسایش، پۆلیسی دارستان، وەزارەتی شارەوانی، و کشتوکاڵ.
📌لێژنەی لاوەکی: لە سنووری قائیمقامیەت و ناحیەکان پێکدێت بۆ چاودێریکردنی ئەو ناوچانەی لە دەرەوەی سنووری شارەوانین، بە بەشداری موختاری ناوچەکە.

🟢دەسەڵاتی تەواو و ڕێککاری یاسایی تووند
بەپێی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٨، ئەم لێژنانە دەسەڵاتی تەواوی بەدواداچوون و ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرە زێدەڕۆییەکیان پێدراوە، چ لەسەر زەوی و زاری دەوڵەت بێت یان لەسەر دارستان، پاوان، حەرەمی شەقام، بەنداو و ڕووبارەکان.

🔴قۆناغەکانی سزادانی زێدەڕۆکار:
📌ئاگادارکردنەوە: زێدەڕۆکار تەنیا ٢٤ کاتژمێری لەبەردەمدایە بۆ لابردنی سەرپێچییەکە.
📌دەستگیرکردن: ئەگەر زێدەڕۆییەکە لانەبردرا، کەیسی یاسایی بۆ دەکرێتەوە و بە بڕیاری دادوەر دەستگیردەکرێت.
📌مەرجی ئازادکردن: بەپێی فەرمانەکە، هیچ زێدەڕۆکارێک لە قۆناغی لێکۆڵینەوە یان دادگایی ئازاد ناکرێت تاوەکو بە تەواوی زێدەڕۆییەکە لادەبات.
📌تێچووی لابردن: ئەگەر لێژنەکە زێدەڕۆییەکە لابدات، دەبێت هەموو خەرجییەکانی لە ئەستۆی کەسی سەرپێچیکار بێت.

🔴بەرپرسیارێتی فەرمانبەران و یەکە ئیدارییەکان
وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری تووند دەداتە فەرمانبەران و بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکان؛ هەر جۆرە کەمتەرخەمی، ئاسانکاریی یان چاوپۆشییەک لە بەرامبەر زێدەڕۆیی بە تاوان هەژماردەکرێت و ڕێککاریی یاسایی توندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی دەبینرێت بۆ پاراستنی سیمای شارەکان و پارێزگاریکردن لە سامانە سروشتییەکان و زەوییەکانی دەوڵەت کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین جۆر سەرپێچی بوونەوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color