گرنگ

ڤەنزوێلا هاوپەیمانە نزیکەکەی مادۆرۆ دیپۆرتی ئەمریکا دەکاتەوە

2026-05-17

 

#بوار
حکومەتی ڤەنزوێلا رایگەیاند، ئەلێکس ساب، هاوپەیمانی نزیکی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی دیپۆرتکردووەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داواکارییە یاساییەکان لە ئەمریکا، ئەمەش دوای کەمتر لە سێ ساڵ دێت لە لێخۆشبوونی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەو سەرمایەدارە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ئاڵوگۆڕی زیندانیاندا.

لە بەیاننامەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچی ڤەنزوێلادا هاتووە: "ڤەنزوێلا دیپۆرتکردنەوەی هاووڵاتیی کۆڵۆمبی (ئەلێکس نەعیم ساب مۆران) رادەگەیەنێت"، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە: "فەرمانی دیپۆرتکردنەوەکە بەهۆی تێوەگلانی ئەو هاووڵاتییە کۆڵۆمبییەوە دەرچووە لە تاوانی جۆراوجۆر لە ئەمریکا، کە ئەمەش بابەتێکی ناسراوە و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە راگەیاندنەکاندا رووماڵکراوە."

لە مانگی شوباتی رابردوودا، ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردەوە، داواکارە گشتییە فیدراڵییەکان چەندین مانگە لێکۆڵینەوە لە رۆڵی ساب دەکەن لە پیلانێکی گوماناویی بەرتیلدان، کە گرێبەستەکانی حکومەتی ڤەنزوێلا بۆ هاوردەکردنی خۆراک لەخۆدەگرێت.

ساب-ی تەمەن 54 ساڵ، لەرێگەی گرێبەستەکانی حکومەتی ڤەنزوێلاوە سامانێکی زۆری کۆکردەوە، بەڵام ئەم سەرمایەدارە لەدایکبووی کۆڵۆمبیایە، کە بەرپرسانی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی زۆر بە "پیاوی جانتاکەی" مادۆرۆ وەسفیان دەکرد، پێگەی خۆی لەلایەن سەرکردایەتییە نوێیەکەی وڵاتەکە لەدەستدا، کە دوای نیکۆلاس مادۆرۆ بە پشتیوانى واشنتۆن دەسەڵاتیان گرتە دەست.

ساب لە 21ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 1971 لەدایکبووە، کارە بازرگانییەکانی بە فرۆشتنی جلوبەرگ و کلیل دەستپێکردووە، دواتر کارەکانی فراوانتر بووە و هەناردەکردنی گرتووەتەوە، بەتایبەتی بۆ ڤەنزوێلا کە وڵاتی دراوسێی کۆڵۆمبیایە.

دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ساب تۆمەتبار دەکەن بە سپیکردنەوەی پارە و ئەنجامدانی رێککەوتنی بازرگانیی نایاسایی لەگەڵ حکومەتەکەی مادۆرۆ، کە یارمەتیدەری بووە لە بەهێزکردنی دەسەڵاتەکەیدا

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color