گرنگ

پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە وەزارەتێکی ئەمنیدا یەکدەخرێن

2026-05-18

 

پڕۆژەیەکی نوێی ئەمریکا بۆ عێراق؛ 
#بوار
زانیارییەکی نوێ سەبارەت بە ستراتیژیەتی داهاتووی ئەمریکا لە عێراق ئاشکرا دەبێت، کە تیایدا واشنتۆن کار بۆ دامەزراندنی وەزارەتێکی نوێی ئەمنی دەکات، پڕۆژەکە ئامانجیەتی کۆتایی بە فرەجەمسەریی چەکداری بهێنێت و سەرجەم هێزەکانی دەرەوەی سوپا، لە نێوانیاندا پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، لەژێر چەتری یەک وەزارەتدا کۆبکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە گفتوگۆیەکی شیکاریی کەناڵی (UTV)ـی عێراقیدا پشتڕاستکراونەتەوە، دەیڤد پاترایۆس، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە داڕشتنی ئەم هەنگاوە نوێیەدا و ئەرکەکەی لە قۆناغی ئێستادا "تەواو ئەمنییە".

بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، ئەم وەزارەتە ئەمنییە نوێیە پێکهاتەیەکی جیاوازی دەبێت و ئەم هێزانە لەخۆدەگرێت، حەشدی شەعبی، کە پێگەکەی لە "دەستە"ـوە کەمدەکرێتەوە بۆ "بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی" لە ناو وەزارەتەکەدا.

هەروەها هێزەکانی پێشمەرگە، وەک بەشێک لە سیستەمە بەرگرییە یەکگرتووەکە تێکەڵ دەکرێت، لەگەڵ هێزەکانی ناوخۆ، کە هەریەک لە پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی پاسەوانی سنوور و هێزەکانی سەحوە دەگرێتەوە.

یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکانی ئەم پڕۆژە ئەمریکییە، دوورخستنەوەی سەرجەم فەرماندەی لیواکان و سەرکردەی گروپە چەکدارەکانە (فەسائیلەکان)، لەگەڵ ڕاگەیاندنی دامەزراندنی ئەم وەزارەتەدا، بڕیاری دوورخستنەوەی ئەو سەرکردانە دەردەچێت و تا ئێستاش سێ کەسایەتی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری ئەم وەزارەتە نوێیە کاندید کراون.

ئەم پێشهاتە نوێیە لە کاتێکدایە، عێراق بە دۆخێکی هەستیاری ئەمنی و سیاسیدا تێدەپەڕێت، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەش دەبێتە گەورەترین گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سەربازیی و ئەمنیی عێراقدا لە دوای ساڵی 2003ـوە، کە دواجار وڵاتەکە بە تەواوی دەکاتە پاشکۆی بڕیارە ئەمنییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color