.. ترەمپ ئاستی هەڕەشەکانی بەرامبەر ئێران بەرز دەکاتەوە
#بوار
ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی نێوان ئەمریکا و ئێران پێینایە قۆناغێکی نوێی گرژییەوە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و جەختی لەوە کردەوە، "کات بەرەو تەواوبوون دەچێت"، ئەمەش لە کاتێکدایە ئێران ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکانی ئەم دواییەی ئەمریکای ڕاگەیاند بەهۆی ئەوەی، بەپێی ڕاگەیاندنی ئێرانی، "هیچ سازشێکی بەرجەستە" لەخۆناگرێت.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ترو سۆشیاڵ" نووسى ، سەبارەت بە ئێران، کات بەرەو تەواوبوون دەچێت، باشترە بۆیان بە خێرایی بجووڵێنەوە، ئەگەرنا هیچ شتێکیان لێ نامێنێتەوە"، و زیاتر گوتی: "کات بەنرخە".
لێدوانەکانی ترەمپ دوای ئەوە هات ڕاگەیاندنی ئەمریکی باسیان لە ڕاوێژەکانی ترەمپ کرد لەگەڵ گەورە یاریدەدەرانی سەبارەت بەو بژاردانەی لەبەردەستدان ئەگەر دانوستانەکان بە تەواوى شکست بهێنن، لەگەڵ ئاماژەکان بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران.
پێشتریش ترەمپ لە پۆستێکدا نووسیبووی، ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات، بریتییە لە "ئەو بێدەنگییەی پێش گەردەلوول دێت"، وەک ئاماژەیەک، چاودێران بە هەڕەشەیەکی شاراوە بۆ سەر تارانیان لێکدایەوە.
لە بەرامبەردا، ئێران ڕەتکردنەوەی ئەو پێشنیازانەی ئەمریکای ڕاگەیاند، لە ڕێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە گواسترابوونەوە، جەختی لەوە کردەوە، هیچ سازشێک ناکات بەبێ دەستهێنانی ئیمتیازی بەرجەستە.
ئاژانسی فەرمیی میهر بڵاویکردەوە، ئەمریکا "هەوڵدەدات ئەو سازشانە بەدەستبهێنێت کە لە کاتی جەنگدا نەیتوانیبوو بیانستێنێت، بەبێ پێشکەشکردنی هیچ ئیمتیازێکی بەرجەستە"، و پێی وابوو، ئەم شێوازە ڕەنگە دانوستانەکان بەرەو بنبەست ببات.
هەروەها دەزگاکانى ڕاگەیاندنی ئێرانی بڵاویانکردەوە، تاران پێنج مەرجی بۆ دروستکردنی متمانە پێشکەش کردووە پێش دەستپێکردنەوەی هەر دانوستانێکی نوێ لەگەڵ واشنتن.
لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانیشدا، موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان لە تاران چاوی بە مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران کەوت، لە کاتێکدا شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "زە تایمز"، گەشبینی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی گەڕێکی نوێی دانوستانی ڕاستەوخۆ لە نێوان واشنتن و تاران.
شەریف گوتیشی، ئیسلام ئاباد بەردەوامە لە گواستنەوەی پەیامەکان لە نێوان هەردوو لایەنەکەدا، و هیوای خواست هەوڵەکانی ئێستا ببنە هۆی بەرقەراربوونی "ئاشتییەکی هەمیشەیی".
هاوکات لەگەڵ چەقبەستووییە دیپلۆماسییەکان، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" و تۆڕی "فۆکس نیوز" ئاشکرایان کرد، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامدراوە، کە تێیدا باسیان لە پێشهاتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران کردووە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئیدارەی ئەمریکا تاوتوێی چەندین بژاردە دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئێرانی، ئەوەش لە چوارچێوەى پەرەسەندنی گرژییەکان لە گەرووی هورمز و چەقبەستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان.
لە لای خۆیەوە، چین داوای ڕاگرتنی شەڕ و دەستپێکردنەوەی ڕێڕەوی دیپلۆماسی کرد.
لەو بارەوە گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی چین، بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی "زە هیل" گواستوویەتیەوە، گوتی: "لە بنەڕەتدا نەدەبوو ئەم ململانێیە ڕووبدات"، و جەختی لەوە کردەوە، کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە لە بەرژەوەندی ئەمریکا، ئێران، ناوچەکە و جیهاندایە.
لەگەڵ پەرەسەندنی پەیامە ئاڵوگۆڕکراوەکانی نێوان واشنتن و تاران، پێدەچێت ناوچەکە لەبەردەم قۆناغێکی زۆر هەستیاردا بێت، کە لە نێوان دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و خزین بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی فراوانتر دێت و دەچێت.