#بوار
سعود ساعدی پەرلەمانتارى عێراق ئاشکرایکرد، جووڵەیەکی سیاسی لەناو هەندێک لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەیە بە ئامانجی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێ لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا، ئەوەش لە کاردانەوەى ئەو گرژییانەی لە کۆدا کۆبوونەوەى پەرلەمان دروست بوو.
ساعدی ئاشکراشیکردووە، هێزە سیاسییەکان دەستیان بە جووڵە کردووە بەرەو دووبارە ڕێکخستنەوەی دیمەنی پەرلەمانی، ئاماژەی بەوەشکرد، "لەنێو دیارترین ئەو بژاردانەی خراونەتەڕوو، لەکارخستنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانە بەهۆی شێوازی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکانی ئەم دواییەوە".
هەروەها وتیشی: "پێدەچێت ئەو هاوپەیمانییە چاوەڕوانکراوە لایەنەکانی ناو هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بگرێتەوە، سەرباری هێزە سیاسییەکانی دیکە، لەگەڵ ئەگەری پەیوەندیکردنی پەرلەمانتارانی ناو هاوپەیمانییە جیاوازەکان بەو هەوڵەوە، جەختیشی لەوە کردەوە، "لەوانەیە ژمارەی بەشداربووانی ئەم جووڵەیە لە 140 پەرلەمانتار تێپەڕێنێت".
ساعدی ڕوونیکردەوە، "هەندێک لە هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی پێیانوایە، کێشەی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا هەیە، ئەمەش وایکردووە بیر لە بژاردەی گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان بکرێتەوە وەک پێشینەیەکی سیاسی لە قۆناغی ئێستادا".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم جووڵانە لە چوارچێوەی دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێزەکاندایە لەناو پەرلەماندا، بە هۆى زۆرى کاردانەوەکان و پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان کوتلە سیاسییەکان لە دوای دوایین دانیشتنی پەرلەمان.