گرنگ

10 قوربانیی نوێ لە دۆسیەی ئیپستین لە فەرەنسا سکاڵا تۆمار دەکەن

2026-05-18

 

#بوار
لۆر بیکۆ، داواکاری گشتیی فەرەنسا، ڕایگەیاند، نزیکەی 10 کەسی نوێ وەک قوربانی، سکاڵایان لە لای داواکاری گشتیی پاریس دژی جێفری ئیپستین، سەرمایەداری ئەمریکی تۆمارکردووە.

ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوە فراوانەدا دێت، کە دادگای فەرەنسا سەبارەت بە کەیسەکانی "بازرگانیکردن بە مرۆڤ"ـی پەیوەست بە ئیپستین دەستیپێکردووە، دوای ئەوەی حکومەتی ئەمریکا هەزاران بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بە دۆسیەکەی بڵاوکردەوە.

بیکۆ وتی: "ئامانج لە لێکۆڵینەوەکە دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەیە، کە لەوانەیە کارئاسانییان بۆ تاوانەکانی ئیپستین لە ناوخۆی فەرەنسادا کردبێت، ئەویش لە ڕێگەی هەڵخەڵەتاندنی قوربانییەکان یان ڕەخساندنی ئاسانکاری بۆی"، جەختیشی لەوە کردەوە، "تا ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵ هیچ کام لە گومانلێکراوان نەکراوە".

هەروەها وتیشی: "کۆی گشتیی سکاڵاکان گەیشتووەتە نزیکەی 20 سکاڵا، لە نێویاندا ژمارەیەک قوربانی هەن کە پێشتر دەسەڵاتداران ئاگاداریان نەبوون"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "هەندێکیان لە دەرەوەی فەرەنسا نیشتەجێن".

داواکاری گشتی ئەوەشی ڕوونکردەوە، "لێکۆڵەران دەستیان بەسەر کۆمپیوتەرەکەی ئیپستین، داتاکانی پەیوەندیکردنی و دەفتەری ناونیشانەکانیدا گرتووە، کە لە ئێستادا شیکردنەوەی زیاتریان بۆ دەکرێت، ئەمە جگە لە ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی داواکارییەکانی هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی".

جێفری ئیپستین لە مانگی تەممووزی 2019 بە تۆمەتی قۆستنەوەی سێکسیی مێردمنداڵان و پیلانگێڕی دەستگیرکرا، پێش ئەوەی لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا بە هەڵواسراوی لە ناو زیندانەکەیدا بدۆزرێتەوە، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە فەرمییەکان گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە مردنەکەی بەهۆی خۆکوشتنەوە بووە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color