#بوار
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای تایبەت بە دوایین ئامادەکارییەکانی دەستبەکاربوونی 'بانکی نیشتمان'ی کرد.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە، بە ئامادەبوونی د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لەگەڵ لێژنەی سەرپەرشتیار و ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکی نیشتمان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین ڕێککارە جێبەجێکراوەکانی تایبەت بە بانکەکە خرانەڕوو.
وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند،
بانکی نیشتمان پڕۆژەیەکی نیشتمانییە و بنەمایەکی بەهێز بۆ شەفافیەت، چاکسازیی و سیستەمی دارایی دەستەبەر دەکات.
وەزیری دارایی داوای لە ئەنجوومەنی کارگێڕیی و لێژنەی سەرپەرشتیار کرد، کە سەرجەم تواناکانیان بخەنەگەڕ بۆ خێراکردنی ڕێککارە یاسایی و هونەرییەکان، تا لە نزیکترین کاتدا بانکەکە بە فەرمی بکرێتەوە.
بانکی نیشتمان بە ڕەزامەندی و مۆڵەتی فەرمی بانکی ناوەندیی عێراق دامەزراوە، بارەگەی سەرەکی لە هەولێر دەبێت. بڕیارە لە قۆناغی داهاتوودا لقی بانکەکە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
بانکەکە خزمەتگوزارییە دارایی و بانکییەکان بۆ هاوڵاتیان، فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی و بازرگانان دابیندەکات.