وەزارەتی دارایی بڕیاری خەرجکردنی دەرماڵە و شایستە داراییەکانی دەرکرد
#بوار
وەزارەتی دارایی عێراق هەنگاوێکی نوێ و گرنگ بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە داراییە کەڵەکەبووەکان دەنێت و وەزیری دارایی بڕیاری خەرجکردنی دەرماڵە و بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەران، لەگەڵ پێدانی شایستەی دارایی جوتیاران و بەڵێندەران بەپەلە دەردەکات.
بەپێی زانیارییەکان، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، فەرمانی بە هەردوو فەرمانگەی ژمێریاری و بودجە کردووە، بە خێرایی وردبینی بکەن لە ڕێکارەکانی خەرجکردنی دەرماڵە و بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، بەتایبەتی کادرانی وەزارەتی پەروەردە، کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی مافەکانیان دەکەن، لەم پێناوەشدا، ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێنمایی ڕاستەوخۆ دراوە بۆ تەواوکردنی تەواوی ڕێکارە کارگێڕی و داراییە پێویستەکان.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکانیدا، وەزیری دارایی جەختی لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران و بەڵێندەران کردەوە، ئەم هەنگاوەش لەپێناو پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵی و بوژاندنەوەی کاروانی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانە لە سەرانسەری وڵاتدا، بەتایبەت لە کاتێکدا، کە داواکارییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پارە دواکەوتووانە ڕووی لە زیادبوون کردووە.
ئەم بڕیارە نوێیانەی وەزارەتی دارایی، کە لە نووسراوێکی فەرمیدا بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکی عولا ناشی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق خراوەتە ڕوو، بە بەشێک لە هەوڵە چڕەکانی حکومەت دادەنرێت بۆ باشترکردنی گوزەرانی فەرمانبەران و جووڵەخستنەوە بازاڕ و پرۆژە ئابوورییەکان