گرنگ

شەپۆلێکی بەهێزی هەورەبروسکە و تاوەبارانی بەخوڕ هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

2026-05-20

 

#بوار
بەپێی نوێترین پێشبینییە کەشناسییەکان، بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی فێنک بۆ سەر ناوچەکە، پێشبینی دەکرێت لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممەوە گۆڕانکاری و ناجێگیرییەکی بەرچاو لە کەشوبەرگەهەوای هەرێمی کوردستاندا دروست ببێت.

شارەزایانی کەشناسی ئاماژە بەوە دەکەن، شەپۆلەکە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە، بەڵام کاریگەرییەکەی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاواز دەبێت، بەشێوەیەک لە هەولێر، کەرکووک، دهۆک و گەرمیان، لە سەنتەری ئەم پارێزگایانە و ناوچەکانی باکووری گەرمیان، ئاسمان بە زۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، لەگەڵ ئەگەری دروستبوونی هەورەبروسکەی توند و بارینی نمەباران.

هەروەها کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها سنووری ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین و بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان زۆر بەهێزتر دەبێت، پێشبینی دەکرێت لە هەندێک ناوچە تاوەبارانی بەخوڕ ببارێت و لە ناوچە بەرز و شاخاوییەکانیشدا ئەگەری بارینی تەرزە هەیە، هاوکات هەورەبروسکەکان لەم ناوچانەدا چڕتر و توندتر دەبن.

سەبارەت بە ڕەوشی با، خێراییەکەی لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت (10 بۆ 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا) و ئاراستەکەشی بەرەو باشووری ڕۆژئاوا دەبێت.

پێشبینی دەکرێت کاریگەریی ئەم بارستە هەوا فێنکە بۆ ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە بەردەوامی هەبێت. لەم ماوەیەدا پلەکانی گەرما بە جێگیری دەمێننەوە و ئەگەری دروستبوونەوەی کەڵەکەهەوری بروسکەدار و تاوەباران، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان و لە نێوان کاتەکانی دوانیوەڕۆ بۆ ئێوارەدا، بەردەوام دەبێت

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color