دۆسییەى دزیی سەدە پێوانەیەکی نوێ تۆمار دەکات؛
#بوار
لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق پەردەی لەسەر ئابڕووچوونێکی گەورەی دارایی هەڵماڵی و ئاشکرایکرد، قەبارەی دزینی ناسراو بە "دزیی سەدە" بەشێوەیەکی پێوانەیی بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 8 تریلیۆن دینار.
بەپێی نوێترین لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکی (نەزاهە)، ئەو بڕە پارەیەی لەم دۆسیەیەدا براوە زۆر زیاترە لەو ئامارەی، کە پێشتر ڕاگەیەندرابوو، قەبارەی گەندەڵییەکە لە 2.5 تریلیۆن دیناری پێشووەوە بۆ نزیکەی 8 تریلیۆن دینار بەرزبووەتەوە، کە دەکاتە نزیکەی 6 ملیار دۆلاری ئەمریکی، ئەمەش بەو واتایە دێت لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، قەبارەی دزینەکە بە ڕێژەی زیاتر لە %300 زیادی کردووە.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، بەشێکی زۆری ئەو پارە دزراوانە بە ڕێگەی جیاواز ئاودیوی دەرەوەی وڵات کراون، لەم چوارچێوەیەدا، عەلی زەیدی، جەختی لەوە کردووەتەوە و سوێندی خواردووە، بە توندی ڕووبەڕووی ئەم تۆڕەی گەندەڵی ببێتەوە.
هاوکات، دەستەی دەستپاکی جەختی لەوە کردووەتەوە، پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو کەسانەی لەم دۆسیەیەدا تێوەگلاون بەردەوام دەبێت تا گەڕاندنەوەی سامانی گشتی.
ئەم دۆسیە گەورەیەی گەندەڵی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2022، کە هاوکاتە لەگەڵ سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووى عێراق، تا ئێستاش ڕێککارە یاساییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە بەردەوامن.