گرنگ

تاوەباران و کەشی فێنک بەردەوام دەبێت

2026-05-20

 

شەپۆلێکی دیگەى ناجێگیریی کەشوهەوا هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؛ 
#بوار
لە ئەنجامی هاتن و تێپەڕینی بارستەهەوایەکی سارد لە چینە بەرزەکانی بەرگەهەوادا، پێشبینی دەکرێت لە بەیانیی سبەینێوە شەپۆلێکی نوێی تاوەباران و هەورەبروسکە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، بە جۆرێک پلەکانی گەرما بە جێگیری دەمێننەوە و کەشێکی فێنک باڵ بەسەر زۆربەی ناوچەکاندا دەکێشێت.

بەپێی پێشبینییەکان، حاڵەتێکی ناجێگیریی کەشوهەوا سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و گۆڕانکارییەکان بە شێوەیەک دەبن، لە کاتەکانی بەیانیدا سەرەتا لە ناوچەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و پارێزگای دهۆک دەست پێدەکات، ئەگەری تاوەبارانی بەخوڕ و ڕوودانی هەورەبروسکەی بەهێز لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو پارێزگایەدا هەیە.

هەروەها لە کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە، کاریگەریی ئەم ناجێگیرییە فراوانتر دەبێت و درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین، هەروەها پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، لە هەندێک لەم ناوچانەدا تاوەبارانی مامناوەندی کورتخایەن دەبارێت و هەورەبروسکە چالاک دەبێت.

هەروەها بۆ دوو سبەی، کاریگەریی بارستەهەوا فێنکەکە بەردەوام دەبێت، بەڵام ڕەوشی کەشوهەوا بەگشتی بەرەو جێگیربوون دەچێت و لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم کەشوهەوا جێگیر دەبێت و فێنکییەکە دەمێنێتەوە.

هاوکات ئەگەرێکی لاواز هەیە، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بۆ ئێوارە، هەورەبروسکە و تاوەبارانی کورتخایەن لە هەندێک شوێنی سنووری ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک چالاک ببێتەوە و پاشان شەپۆلەکە بە یەکجاری کۆتایی پێدێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color