گرنگ

نهێنییەکانی هەوڵی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ دانانی ئەحمەدی نەژاد وەک سەرۆکی نوێی ئێران ئاشکرا بوو

2026-05-20

 

#بوار
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ـی ئەمریکی پەردەی لەسەر گەورەترین نهێنییەکانی جەنگی ئەم دواییەی دژ بە ئێران لادا و ئاشکرای کرد: ئامانجی شاراوەی واشنتۆن و تەلئەبیب تەنها وێرانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان نەبووە، بەڵکو پلانیان هەبووە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن و "مەحمود ئەحمەدی نەژاد"، سەرۆکی پێشووتری ئێران، وەک جێگرەوە و سەرۆکی نوێی وڵاتەکە دابنێن.

بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکانی ناو ڕاپۆرتەکە، کە لەلایەن چوار ڕۆژنامەنووسی گەورەی بواری ئاسایشی نەتەوەییەوە ئامادە کراوە، ئەو هێرشە مووشەکییەی ئیسرائیل، کە لە یەکەمین ڕۆژی جەنگەکەدا کرایە سەر ماڵی ئەحمەدی نەژاد لە گەڕەکی "نارمەک" لە تاران، هەوڵێک نەبووە بۆ تیرۆرکردنی، بەپێچەوانەوە، ئامانجی هێرشەکە کوشتنی ئەو پاسەوانانەی سوپای پاسداران بووە، کە ناوبراویان لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کردبوو، تا لەو ڕێگەیەوە ڕزگاری بکەن و بیکەنە سەرکردەی قۆناغی گواستنەوەی ئێران.

سەرچاوە ئەمریکییەکان و کەسێکی نزیک لە ئەحمەدی نەژاد بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا ئەحمەدی نەژاد بە سەختی بریندار بوو، هەرچەندە لە مردن ڕزگاری بوو، بەڵام دوای ئەوە بێهیوا بوو لە پلانەکە و لەو کاتەوە بە تەواوی بێسەروشوێنە.

نیویۆرک تایمز ئەم هەڵبژاردنە بە "سەرسوڕهێنەر" وەسف دەکات، چونکە ئەحمەدی نەژاد لە سەردەمی دەسەڵاتیدا (٢٠٠٥ - ٢٠١٣) یەکێک بوو لە سەرسەختترین دوژمنەکانی ڕۆژئاوا و داوای "سڕینەوەی ئیسرائیلی لەسەر نەخشە" دەکرد، بەڵام ڕۆژنامەکە تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ئەو سەرکردەیە، کە بووبووە ڕەخنەگرێکی توندی ئایەتوڵڵا خامنەیی و لە ساڵی ٢٠١٩دا بە ئاشکرا ستایشی دۆناڵد ترەمپی کرد و بە "پیاوی کردار" وەسفی کرد.

هەروەها، ڕاپۆرتەکە گومان دەخاتە سەر گەشتەکانی ئەم دواییەی ئەحمەدی نەژاد بۆ گواتیمالا و هەنگاریا (کە دوو وڵاتی زۆر نزیکن لە ئیسرائیلەوە) و ئاماژە بەوە دەکات، ناوبراو چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل لە بووداپێست گەڕاوەتەوە ئێران.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەکەیان وتووە، بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئێران، پشت بە پلانێکی وردی چوار قۆناغی بەستراوە، یەکەم، هێرشی ئاسمانیی چڕ لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، دووەم، تیرۆرکردنی سەرکردە باڵاکان، لە نێویاندا عەلی خامنەیی (کە لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکاندا جێبەجێ کرا)، سێیەم، هەڵمەتێکی فراوانی کاریگەریی دەروونی و هاندانی هێزە کوردییەکان بۆ دروستکردنی پشێوی لە ناوخۆی ئێران، چوارەم لەکارخستنی ژێرخانی وڵات وەک کارەبا بۆ ئەوەی ڕژێم بڕووخێت و "حکومەتی جێگرەوە" بە سەرۆکایەتی ئەحمەدینەژاد ڕابگەیەندرێت.

هەرچەندە کۆشکی سپی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پشتڕاستی دانانی ئەحمەدی نەژادی نەکردووەتەوە، بەڵام "ئانا کێڵی"، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، ئامانجی سەرەکیی ترەمپ لە "ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستان" تێکشکاندنی تواناکانی ئێران بووە و سوپای ئەمریکا ئامانجەکانی خۆی پێشخستووە، لە بەرامبەریشدا، دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ئیسرائیل (مۆساد) ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم پلانە بدات.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، سەرەڕای ئەوەی بەشێکی پلانەکە جێبەجێنەکرا، بەڵام "دەیڤید بارنیع"، سەرۆکی مۆساد هێشتا بڕوای وایە، کە پلانەکەیان چانسێکی گەورەی سەرکەوتنی هەبووە ئەگەر بە تەواوی ڕێگەی پێ بدرایە، ئەوەی ئێستا وەک مەتەڵێک ماوەتەوە، چارەنووسی مەحمود ئەحمەدی نەژادە، کە ئایا لە ژیاندا ماوە یان بووەتە قوربانیی ئەم گەمە هەواڵگرییە نێودەوڵەتییە گەورەیە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color