دیوی ناوەوەی ململانێکان و دەستپێشخەرییەکان
#بوار
لە چەند رۆژی ڕابردوو سەڵاحەددین محەمەد بەهادین لە پێناو کۆتایی هێنان بە چەقبەستووی سیاسی لە هەرێم سەردانی هەر یەک لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی کرد.
وەک نیشاندانی نیازپاکی یەکێتی و پارتی، دەستبەجێ هەڵمەتی میدیاییان لە دژی یەکتر ڕاگرت و ئامادەیی خۆیان بۆ گفتوگۆ و دانوستان نیشانداوە.
پارتی بە پەرۆشە
پارتی لەماوەی ڕابردوو زۆرترین هەوڵیدا کە بتوانێت بەبێ یەکێتی پەرلەمان کارا بکاتەوەو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و پاشان کەسێک بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم ڕابسپێردرێت. بەڵام هیچ کام لە حیزبەکان بە فەڕمی ئامادە نەبوون ببنە پارسەنگ بۆ پارتی.
ئێستا پارتی ئەو دەستپێشخەرییەی یەکگرتوو بە کارێکی باش دەزانێت و دەیەوێت ئەو دەستپێشخەرییە بکاتە بیانوو بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکێتی ڕێکبکەوێت.
بۆیە ڕۆژێک دوای کۆبونەوەی سەڵاحەددین محەمەد بەهاددین و مەسرور بارزانی، ڕاستەوخۆ شاندێکی باڵای پارتی سەردانی یەکگرتووییان کرد. ئەمەش بۆ ئەوەی میکانزمی دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتوو خێرا جێبەجێ بکرێت و وردەکارییەکانی ئەو دەستپێشخەرییە لەسەر ئەرزی واقیع زوو بچێتە بواری جێبەجێکردن.
نهێنییەکانی دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتوو
چەند بۆچوونێکی جیاواز لەسەر دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتوو هەیە. هەندێکیان پێیان وایە ئەم کارە کاری هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن نییە و لە ئەسڵدا هەبوونی کێشە لە نێوان هێزە دەسەڵاتدارەکان بۆ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەستکەوتێکی گەورەیە. بەڵام لایەنگرانی یەکگرتوو بانگەشەی ئەخلاقی سیاسی دەکەن و دەڵێن ”یەکگرتوو بە ئەخلاقەوە سیاسەت دەکات”.
نهێنییە گەورەکە ئەوەیە کە یەکگرتوو هەستی بەو مەترسییە گەورەیە کردووە کە لە ئەنجامی ئەو ململانێی و هەڵمەتە میدیاییەی نێوان ئەو دوو حیزبە دەکەوێتەوە.
مەترسییە گەورەکەش ئەوەیە لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقەوە، عێراق هاوشێوەی ڕابردوو مامەڵە لەگەڵ هەرێم ناکات و ئەگەری دەرکردنی چەند بڕیارێک هەیە کە قەوارەی هەرێم لە خاڵی کۆتایی نزیک دەکاتەوە.
دوو ئیدارەیی ڕوو دەدات؟
بڵاوکردنەوەی توێژینەوەیەک لە لایەن ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتییەوە، لە لایەن پارتییەوە وا وێنای بۆ کرا کە یەکێتی ئامادەکاری دەکات بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی لە ئیدارەی هەولێر و بۆ ئەم مەبەستەش بەغدا هاوکاری یەکێتی دەکات.
ئەگەرچی دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ بە فەڕمی وەڵامی ئەو توێژینەوەیەی دایەوە و بە زمانێکی توند ئەوەی وت کە تەنانەت پارتی و یەکێتیش بۆیان نییە باسی دوو ئیدارەیی بکەن.
بەڵام بابەتی دوو ئیدارەیی، بابەتێکی جددییەو یەکێتی بەفەڕمی ئیشی لەسەر دەکات. لە قۆناغی یەکەمدا هێزەکانی خۆی بەناوی دەڤەری دوو بەتەواوی لە هێزەکانی پارتی جیاکردووەتەوەو ئێستا لە هەموو کات زیاتر هێزە ئەمنییەکانیان لە یەکتر دوورن و چەتری وەزارەتی پێشمەرگە چیتر نابێتە سایە کۆبونەوەی ئەو دوو حیزبە.
بابەتێکی دیکە پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی ئەو دوو حیزبەیە، ئێستا یەکێتی لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی ئیقلیمی بەتایبەت تورکیا پەیوەندییەکانی خۆی ڕێکخستووەتەوە و نایەوێت چیتر پەیوەندییەکانی هەرێم تەنیا لە ڕێگەی پارتییەوە بێت. بەڵکو ئێستا یەکێتی کەناڵە دبلۆماسییەکانی خۆی بەتەواوی کاراکردووەو هاوشێوەی پارتی یا زیاتر ڕۆڵ دەبینن.
لە ڕووی داراییەوە سلێمانی بەتەواوی لامەرکەزییەتی دارایی خۆی هەیە، بەڵام تا ئێستا ئەوەی ڕوون نییە بابەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ غازی کۆرمۆر. کە ئایا یەکێتی قوفڵی غازەکە لەسەر هەولێر دەگرێتەوە؟
بە کورتی یەکێتی لە ڕووی ئەمنی و سەربازی و دبلۆماسی و دارایی بەتەواوی ماڵی خۆی لە پارتی جیاکردووەتەوە. بەم پێییە بابەتی دوو ئیدارەیی واقیعێکە تەنیا ئیعلانکردنی ماوە.
یەکێتی، مەستی سەرکەوتنە
یەکێتی پێی وایە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو لە چەندین وێستگەدا توانیویەتی سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکات و لە هێزێکی پەراوێزخراو و پاشکۆوە خۆی کردووە بە هێزێکی کاریگەر و بڕیاردەر لە هەرێمی کوردستان.
ئەو دۆسیانەی کە یەکێتی تیایدا خۆی بە سەرکەوتوو دەزانێت ئەمانەن: یەکەم: شکستپێکێهنانی لیستی هاوبەشی هێز و کەسایەتییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی. دووەم: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و دابەشکردنی کورسی کۆتا لە نێوان هەولێر و سلێمانی. سێیەم: کۆتایی هێنان بە سەر ئێشەی لاهور شێخ جەنگی. چوارەم: گۆڕینی شاسوار عبدولواحید لە سەر ئێشەوە بۆ ئامرازێک بۆ ڕاستکردنەوەی هاوسەنگی هێز بەرامبەر پارتی. پێنجەم: ڕێگری لە شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ وەرگرتنی پۆستنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان. شەشەم: وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەبێ دەنگی پارتی. شەشەم: ڕەتکردنەوەی ڕێباز حەملان وەک وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق.
حەفتەم: شکستهێنان بەسەرجەم هەوڵەکانی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.
یەکێتی هەموو ئەوانە بە دەستکەوتی خۆی دەزانێت، بۆیە پێی وایە دەبێت پارتی بە داواکارییەکانی ڕازی بێت ئەگەرنا وەک چۆن بافڵ تاڵەبانی لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی هەڵبژاردن گوتی مەسرور بارزانی بەبێ ئۆکەی یەکێتی نابێت بە مدیر عامیش. ئەو لۆژیکە بەردەوام دەبێت ئەگەر ئەنجامەکەی کۆتایی هاتنی قەوارەی هەرێمی کوردستانیش بێت.
پۆستی سەرۆکی هەرێم، دەبێتە گرێ کوێرە
یەکێتی لە ئێستادا سەقفی داواکارییەکانی بەرزکردووەتەوە. ئەگەر پێشتر پێداگر بووبێت لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزیری ناوخۆ ئێستا دەیەوێت ئەو پێداگرییە لەسەر پۆستی سەرۆکی هەرێم بکات و لە پۆستەکانی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم دوو پۆستی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە هەرێم یەکێکیانی دەوێت و لە نێوان پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری وەک دوو پۆستی تەشریعی و یاسایی یەکێکیانی دەوێت.
پارتی دیموکراتی کوردستانیش کە ئێستا هەردوو پۆستی سەرۆکی هەرێم و حکومەت و دادوەری بەدەستەوەیە نایەوێت هیچیانی لە دەست بچێت. چونکە لە دەستچوونی هیچ کام لەو پۆستانە بەواتای دروستبوونی کێشەو گرفت دێت لەبەردەم پۆستی سەرۆکی حکومەت.
دەرەنجام
بەپێی بەدواداچوونەکان، دەرەنجامی ئەو دەستپێشخەرییەی یەکگرتوو کردوویەتی لەنێو ئەو هەموو ئاڵنگاریی و کێشەو گرفتەوە ئاسان نییە دەرەنجامێکی خێرای هەبێت و ئەو زەمەنەی دیاریکراوە کە لە ماوەی مانگێک پەرلەمان کارا بکرێت و کابینەی حکومەتیش ئیعلان بکرێت کارێکی ئاسان نابێت. بەتایبەت کە بافڵ تاڵەبانی لە دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەمینداری یەکگرتوو گەشتی دەرەوەی وڵاتی کردووە