گفتوگۆ لەگەڵ کابینە نوێیەکەی عێراق دەستپێدەکاتەوە
#بوار
بڕیارە هەفتەی داهاتوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی بگاتە بەغدای پایتەخت و لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کۆببێتەوە، سەردانەکە بە ئامانجی کردنەوەی دەرگایەکی نوێی گفتوگۆیە لەگەڵ کابینەی کاتیی حکومەتی فیدراڵی.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پێشکەشکردنی پیرۆزباییە بە عەلی زەیدی بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان و دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەی.
هاوکات، ئەم سەردانە دەبێتە دەرفەتێکی گرنگ بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەسەر پرسە چارەسەرنەکراوەکان.
سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، مەسرور بارزانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ سەرۆکوەزیران و گەورە بەرپرسانی دیکەی بەغدا ئەنجام دەدات، چاوەڕوان دەکرێت تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان جەخت لەسەر یەکلاکردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەنەوە، لە سەروویانەوە پرسی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی و مسۆگەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
جیا لە پرسە دارایی و کارگێڕییەکان، هەردوولا تاوتوێی دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە دەکەن، ئەمەش لەپێناو دروستکردنی لێکتێگەیشتنێکی نوێ و هاوبەش لە نێوان حکومەتی هەرێم و کابینە نوێیەکەی عێراق بۆ پاراستنی سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکان