گرنگ

پڕۆژەیەکی ئەمریکا هەڕەشە لەسەر پێشمەرگە دروست دەکات..

2026-05-24

 

#بوار
ئەمریکا بەمەبەستی سنووردارکردنی هەژموونی گروپە چەکدارەکان، پڕۆژەیەکی نوێی خستووەتە بەردەم حکومەتی عێراق بۆ دامەزراندنی "وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانیی فیدڕاڵی"، ئەم هەنگاوە، هەرچەندە ئامانج لێی کۆنتڕۆڵکردنی حەشدی شەعبییە، بەڵام مەترسییەکی گەورە لەسەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان دروست دەکات و هەنگاوێکی پێچەوانەی دەستووری عێراقە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دزەیان کردووە و تایبەت دەست بوار کەوتوون، پڕۆژەکەی واشنتن پێشنیاری دروستکردنی وەزارەتێکی نوێ دەکات، کە چوار هێزی چەکداری جیاوازی عێراق لە چوارچێوەی یەک دامەزراوەی فیدڕاڵیدا کۆدەکاتەوە.

هەر بە گوێرەى زانیارییەکان، وەزارەتە پێشنیارکراوەکە پێکهاتووە لە: هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دەستەی گشتیی حەشدی شەعبی، فیرقەی بەرپەرچدانەوەی خێرا (سەر بە ئەنجومەنی وەزیران)، پۆلیسی فیدڕاڵی (سەر بە وەزارەتی ناوخۆ)، کە بڕیارە هەر چوار هێزەکە وەک چوار یەکەی سەربەخۆ لەناو ئەم وەزارەتە نوێیەدا ڕێکبخرێنەوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمریکا فشاری توندی خستووەتە سەر بەغدا بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، ئامانجی سەرەکیی واشنتن لەم هەنگاوە، کەمکردنەوەی هەژموون و دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکانی ناو حەشدی شەعبییە لە ڕێگەی تێکەڵکردنیان لەگەڵ سێ هێزی دیکەی فەرمی، بەم ستراتیژە، ڕێگری دەکرێت لەوەی گروپە چەکدارەکان بەتەنها کۆنتڕۆڵی تەواوی جومگەکانی ئەمنی و سەربازیی ئەو وەزارەتە نوێیە بکەن و بڕیارەکان قۆرخ بکەن.

ئەوەی لەم پڕۆژەیەدا جێگەی نیگەرانییەکی قووڵە بۆ هەرێمی کوردستان، بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆی پێشنیارەکەیە لەگەڵ دەستووری هەمیشەیی عێراق، بەتایبەتی ماددەی (121). بەپێی دەقە دەستوورییەکان، هەرێمی کوردستان مافی ڕەهای هەیە خاوەنی هێزی پاسەوانیی ناوخۆیی خۆی (پێشمەرگە) بێت و ڕاستەوخۆ سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت.

لە بەرامبەردا، پڕۆژەکەی ئەمریکا کار بۆ گواستنەوەی فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات بۆ سەر حکومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا، ئەگەر ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت، "وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە" لە پێگەی وەزارەتێکی سەربەخۆ لە کابینەی حکومەتی هەرێمەوە، بچووک دەکرێتەوە بۆ تەنها بەڕێوەبەرایەتییەک، یان یەکەیەکی سەربازیی سەر بە وەزارەتێکی مەرکەزی لە بەغدا، کە ئەمەش لێدانێکی ڕاستەوخۆیە لە سەربەخۆیی سەربازی و ئەمنیی هەرێمی کوردستان

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color