#بوار
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان، قۆناغێکی نوێ و چارەنووسساز لە پرۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانیدا دەستپێدەکات، بڕیارە لە ماوەی چوار مانگی داهاتوودا سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی 11 فیرقەی سەربازی و دوو فەرماندەیی دەڤەردا ڕێکبخرێنەوە.
بەپێی زانیارییەکانى بوار، پرۆسەی دروستکردن و ڕێکخستنی فیرقەکان تا ٢٠ـی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بەتەواوی کۆتایی دێت.
هەر بەپێى زانیارییەکان، لە ئێستادا و لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان، کارەکانی پێکهێنانی هەشت فیرقە لە تەواوبووندان و تەنها سێ فیرقە ماوە بە یەکجاری پێکبهێنرێن.
بوار زانیویەتى، بە تەواوبوونی ئەم هەنگاوە، سەرجەم هێزەکانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە دەبنە خاوەنی یانزە فیرقە کە لە ژێر چەتر و فەرماندەیی دوو سەرکردایەتی دەڤەردا کۆدەکرێنەوە.
زانیارییەکان باس لەوەش دەکەن، کە تا مانگی ئەیلول هیچ لیوا و فەوجێکی پێشمەرگە لە دەرەوەی ئەو 11 فیرقەیە و هەردوو فەرماندەیی دەڤەری (یەک و دوو) نامێنێتەوە.
هاوکات لە ڕووی پێکهاتەی سەربازی و ئەرکی مەیدانییەوە، سیستەمێکی نوێی سەربازی پەیڕەو دەکرێت؛ هەر فیرقەیەک خاوەنی بارەگای جێگیری خۆی دەبێت لە سنوورێکی جوگرافیای دیاریکراودا و چەند لیوا و فەوجێکی تایبەت لەخۆدەگرێت، کە لە هەمان ناوچەی دیاریکراودا لە ئەرکدا دەبن. لەم سیستەمە نوێیەدا، فەرماندەی فیرقە دەبێتە باڵاترین و یەکەمین دەسەڵاتی سەربازی لە سنوورەکەی خۆیدا و فەرمانەکانی ڕاستەوخۆ لە فەرماندەی دەڤەرەوە وەردەگرێت، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەنیشتیمانیکردن و تۆکمەکردنی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و پتەوکردنی زنجیرەی فەرماندەیی سەربازی.