شەوێکی پڕ لە ئاگر
وردەکاریی پێکدادانە ڕاستەوخۆکانی ئەمریکا و ئێران و گەیشتنی زەنگی مەترسی بە کوەیت
#بوار
شەوی ڕابردوو، ناوچەی کەنداو و باشووری ئێران زنجیرەیەک پێکدادانی سەربازیی ڕاستەوخۆ و مەترسیدارى لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و سوپای پاسدارانی ئێران بەخۆوە بینى.
گرژییەکان تەنها لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی گورزی سەربازیدا نەمانەوە، بەڵکو کاریگەرییەکانیان گەیشتە ئاسمانی کوەیتیش، ئەوەش مەترسییەکانی هەڵگیرسانی جەنگێکی بەرفراوانتری لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هێزەکانیان زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و بەرگرییان بۆ سەر چەند پێگەیەکی ستراتیژی لە باشووری ئێران ئەنجامداوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، ئامانجەکان بریتی بوون لە وێرانکردنی سیستەمەکانی ڕادار و ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (درۆن) لە ناوچەی گورۆک و دوورگەی قیشمی ئێرانی.
واشنتۆن ئاماژە بەوە دەکات، ئەم هێرشانە وەڵامێک بوون بۆ "کردەوە دوژمنکارییەکانی ئێران"، بەتایبەتی دوای ئەوەی تاران فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە جۆری (MQ-1) لە کاتی فڕینیدا بەسەر ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا خستە خوارەوە.
لە بەرامبەردا، تاران بێدەنگ نەبوو، هێزی ئاسمانی و بۆشایی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، تەنها یەک کاتژمێر دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا تاوەرێکی پەیوەندییەکانی لە دوورگەی سیریک لە پارێزگای هورمزگان کردە ئامانج، هێزەکانیان بە توندی وەڵامیان داوەتەوە و ئەو بنکە ئاسمانییەی ئەمریکایان بۆردومان کردووە، کە هێرشەکەی لێوە جێبەجێ کرابوو.
سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە، ئامانجە پێشوەختە دیاریکراوەکانی لەناو بنکە ئەمریکییەکە بەتەواوی تێکشکاندووە، هاوکات هۆشدارییەکی توندیشی دایە واشنتۆن و ڕایگەیاند: "ئەگەر هەر دەستدرێژییەک دووبارە ببێتەوە، وەڵامەکەمان بەتەواوی جیاواز و قورستر دەبێت و ئیدارەی ئەمریکا بەرپرسیارێتی تەواوی لێکەوتەکانی لەئەستۆ دەگرێت".
ئاڵۆزییەکانی ئەمشەو تەنها لە نێوان بنکەکانی ئەمریکا و خاکی ئێراندا قەتیس نەبوون، پێشهاتێکی دیکەی مەترسیدار لە کوەیت ڕوویدا کاتێک زەنگی ئاگادارکردنەوە (زەنگی مەترسی) لە وڵاتەکەدا لێدرا.
لەم چوارچێوەیەدا، سوپای کوەیت بە فەرمی ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان بەرپەرچی چەند موشەک و درۆنێکی دوژمنکارییان لە ئاسمانی وڵاتەکەدا داوەتەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری بڵاوبوونەوەی پانتایی ململانێکان بۆ وڵاتانی دراوسێ.
ئەم پێشهاتە خێرایانەی ئەمشەو، درێژکراوەی ئەو گرژییانەی هەفتەی ڕابردووە، تێیدا هەردوولا هێرشیان ئەنجامدا، بەتایبەت کاتێک سوپای ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی درۆنەکانی ئێرانی لە نزیک گەرووی هورمز کردە ئامانج و لە وەڵامیشدا ئێران بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکای بۆردومان کرد.
ئەم زنجیرە ڕووداوانە دەرخەری قۆناغێکی نوێ و هەستیاری ململانێکانی نێوان واشنتۆن و تارانن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ڕەنگە لێکەوتەی گەورەتری لێ بکەوێتەوە