بوار، تایبەت
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی خشتەی پلەبەرزکردنەوەی هەزار و 385 ئەفسەری سەر بە هێزەکانی ٧٠، هێزەکانی پشتیوانی (١ و ٢) و فەرماندەیی بەرگری و فریاکەوتنی واژوو کرد، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تەنیا پلەیان بەرزدەکرێتەوە و شایستە داراییەکانی پلەبەرزکردنەوەکەیان پێنادرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە وەک بەشێک لە ئەرکە یاساییەکانی وەزارەت بۆ ڕێکخستنەوە و ئاساییکردنەوەی پرۆسەی پلەبەرزکردنەوە لە کات و وادەی خۆیدا جێبەجێ کراوە.
لە پێش جەژنی قوربانی ئەمساڵ، پلەی هەشت هەزار و 758 کارمەند و ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگەی بەرزکرایەوە.
پلەبەرزکردنەوەی هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە کاتێکدایە، بەهۆی قەیرانی دارایی تەنیا پلەی ئەفسەر و کارمەندان بەرزدەکرێتەوە، بەڵام ئەو شایستە داراییەیان پێنادرێت کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانیان بۆیان زیاد دەبێت.