بوار، تایبەت
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، ڕاپۆرتێکی مەترسیداریی لەسەر دەرەنجامی سێ مانگ لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و گروپە چەکدارییە هاوپەیوەندەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، کە هاوکات بووە لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦دا.
ڕێکخراوەکە ئاشکرایکردووە، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا (٢٨ی شوبات تا ٢٨ی ئایار)، ٧٥١ هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، کە بەهۆیانەوە ٢٢ کەس کوژراون و ١١٢ کەسی تریش بریندار بوون.
گرنگترین پێشهات و ئامارەکانی ڕاپۆرتەکە:
کاتی هێرشەکان و لایەنی ئەنجامدەر: بەشی هەرە زۆری هێرشەکان (٦٤٧ هێرش) لە ٤٠ ڕۆژی یەکەمدا و پێش ئاگربەستی ٨ی نیسان ڕوویانداوە.
لە کۆی گشتی هێرشەکانیشدا، گروپە چەکدارییەکانی عێراق بەرپرسیارن لە ٦٠.٣٪ی هێرشەکان و هێزەکانی ئێران بەرپرسیارن لە ٣٩.٧٪ی هێرشەکان.
شێواز و جوگرافیای هێرشەکان: فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ چەکی سەرەکی بووە و ٧٨.٤٪ی هێرشەکانی پێکهێناوە، لە کاتێکدا پارێزگای هەولێر ئامانجی سەرەکی بووە و ٧٨.٣٪ی هێرشەکانی بەرکەوتووە.
شوێنە بە ئامانجگیراوەکان: هێرشەکان دابەشبوون بەسەر دامەزراوەکانی ئەمریکا (٣٧.٤٪)، شوێنە مەدەنی و ئابوری و سەربازییەکانی هەرێم (٣١.٧٪)، و کامپی پەنابەران و بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (٣٠.٩٪).
گۆڕانی هاوکێشەکە لە ماوەی ئاگربەستدا
ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە سەرەڕای ئاگربەستی ٨ی نیسان، هێرشەکان نەوەستاون و ١٠٤ هێرشی تر تۆمارکراون، بەڵام بە گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئاراستەی شەڕەکەدا:
لهم ماوەیەدا، هێزەکانی ئێران بوونەتە ئەنجامدەری سەرەکی ٨٩٪ی هێرشەکان و ئامانجەکانیش گۆڕاون بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و کامپەکانیان کە بە ڕێژەی (٨٢.٧٪) بووە و بەهۆیەوە پێنج کەس کوژراون و ١٧ی تریش بریندار بوون، کە سەرجەمیان ئەندامی ئەو حیزبانە بوون.