بوار، تایبەت
بەهۆی بەردەوامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان و كەرتی غەززە، ئێران بڕیاریدا كە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی پەیام لەگەڵ ئەمریكا رابگڕێت تا ئەوكاتەی ئیسرائیل هێرشەكانی ڕادەگرێت.
ئاژانسی تەسنیمی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، پرۆسەی گۆڕینەوەی نامە و دەقە پێشنیازكراوەكانی لەگەڵ ئەمریكا لە رێگەی نێوەندگیرەكانەوە رادەگرێت؛ هاوكات لە رێگەی بەرەی مقاوەمەوە هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی سەربازیی تووند دەكەن.
ئاماژەبەوەشكراوە، بەهۆی پێشێلكردنی مەرجەكانی ئاگربەست لە تەواوی بەرەكان و بەتایبەت لە لوبنان، تیمی دانوستانكاری ئێرانی بڕیاریداوە گفتوگۆ و گۆڕینەوەی دەقەكان لە رێگەی پاكستانەوە رابگرێت تا هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان رانەگیرێن و سوپای ئیسرائیل بە تەواوی لە لوبنان نەكشێتەوە، هیچ گفتوگۆیەك ناكرێت.
ئێران و بەرەی مقاوەمە بە نیازن بۆ سزادانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی، تەنگەی هورمز بە تەواوی دابخەن و هاتووچۆی كەشتیوانی لە بابولمەندەبیش رابگرن، ئەمە بەگوێرەی تەسنیم.