گرنگ

تووڕەیی لە شەقامی عێراقیدا دروست کردووە

2026-06-03

 

سەرۆکی پەرلەمان دەرچوویەکی 2024 بە مووچەیەکی خەیاڵی لە پۆستێکی باڵادا دادەمەزرێنێت
#بوار
بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەیەکی فەرمی پەرلەمانی عێراق، کاردانەوە و دەنگدانەوەیەکی بێپێشینەی لە ناوەندە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی عێراقدا لێکەوتووەتەوە.

بەپێی بەڵگەنامەکە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کچە دەرچوویەکی ساڵی 2024ـی بە یەکێک لە پۆستە باڵاکانی پەرلەمان ناساندووە و بە مووچەیەکی زۆر دایمەزراندووە.

بەپێی ئەو نوسراوە فەرمییەی، کە لە 18ـی مانگی ڕابردوو بە واژۆی (هەیبەت حەلبوسی)، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەرچووە، کچێک بە ناوی (ڕوا عەبدولسەلام نەواف فەهداوی) وەک یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق دەستنیشان کراوە، مووچەی مانگانەی ئەم پۆستە یەک ملیۆن و 500 هەزار دینارە و ڕاستەوخۆ لەسەر بودجەی گشتیی پەرلەمانی عێراق خەرج دەکرێت.

ڕوا فەهداوی، لەدایکبووی ساڵی 1991ـە و دەرچووی ساڵی 2024ـی کۆلێژی کارگێڕی و ئابوورییە، ئەوەی بابەتەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە ئەوەیە، ناوبراو کادیرێکی دیاری ناو حزبی (تەقەدوم)ـە، ئەمەش گومانەکانی لای چاودێران بۆ قۆرخکردنی پۆستە حکومییەکان و بەکارهێنانیان وەک پاداشتی حزبی پشتڕاست کردووەتەوە.

ئەوەی زۆرترین تووڕەیی لە شەقامی عێراقیدا دروستکردووە، تەنها بڕی مووچە زۆرەکە نییە بۆ فەرمانبەرێکی نوێ، بەڵکو ساڵی دەرچوونەکەیەتی لە زانکۆ، لە کاتێکدا سەدان هەزار گەنج و دەرچووی زانکۆکانی عێراق لە ساڵی 2012ـەوە بێکارن و لە چاوەڕوانی دامەزراندندان، پێدانی پۆستێکی باڵای وەک "یاریدەدەری ئەمینداری گشتی" بە کەسێک، کە تەنها چەند مانگێکە زانکۆی تەواو کردووە، وەک پێشێلکارییەکی ڕوونی بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەبینرێت.

کاردانەوەکان بەردەوامن و چالاکوانان و دەرچووانی زانکۆکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەرسوڕمانی خۆیان لەو بڕیارە دەردەبڕن، کە چۆن دەکرێت کەسێک بێ هیچ پاشخان و ئەزموونێکی کارگێڕیی پێشوو، ڕاستەوخۆ لە پۆستێکی هێندە هەستیار و بەرزدا لە دەسەڵاتی یاسادانانی وڵاتدا دەستبەکار ببێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color