گرنگ

فەرماندەی دەڤەری دووی پێشمەرگە لە پێناو ئەفسەرەکانیدا بەستنی پلە نوێیەکەی دواخست

2026-06-03

 

#بوار
فەرماندەی دەڤەری دووی هێزەکانی پێشمەرگە ئامادە نەبوو پلە سەربازییە نوێیەکەی ببەستێت، تا ئەو کاتەی فەرمانی بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەرەکانی ژێر فەرماندەییشی دەگەڕێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانى بوار، دوای ئەوەی پلەی سەربازیی (عومەر ساڵح)، فەرماندەی دەڤەری دووی پێشمەرگە لە "لیوا ڕوکن"ـەوە بۆ "فەریق ڕوکن" بەرزکرایەوە، ناوبراو بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕێوڕەسمی بەستنی پلەکەی دواخستووە.

هەر بەپێى زانیارییەکان، ئامانج لەم هەنگاوە ئەوە بووە، کە چاوەڕوانی گەڕانەوەی مەرسومی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی فەرماندەییەکەی بکات، بۆ ئەوەی پێکەوە و لە یەک کاتدا پلە نوێیەکانیان ببەستن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای چەند ساڵێک لە چاوەڕوانی، سەرەنجام مەرسومی هەرێمی بۆ بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەران لە خشتەکانی ساڵانی (2022، 2023 و 2024) گەڕایەوە و بەهۆیەوە سەدان ئەفسەری هێزەکانی پێشمەرگە پلەکانیان بەرزکرایەوە.

فەریق ڕوکن عومەر ساڵح، پێشتر فەرماندەی هێزەکانی 70 بووە و لە ئێستاشدا فەرماندەی دەڤەری دووی پێشمەرگەیە، یەکێکە لەو ئەفسەرە باڵایانەی گەیشتووەتە پلەی "فەریق ڕوکن"، کە لە ئێستادا بەرزترین پلەی سەربازییە لە نێو سەرجەم دەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستاندا. 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color