بوار، تایبەت
بەگوێرەی ئەو داتایانەی وەزیریی دارایی هەرێم و ماڵپەڕی شەفافیەت بڵاویانکرووەوە، لە مانگی سێی ئەمساڵ داهاتی نانەوتیی سلێمانی بەتەنها لە داهاتی نانەوتیی هەولێر و دهۆک پێکەوە زیاتر بووە.
وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی داهاتی نانەوتیی هەرێمی لە مانگی ئاداری ئەمساڵ ڕاگەیاند، کە 86 ملیار دینارە و داهاتی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمە و بەپێی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە لەو مانگەدا 44 ملیار و 546 ملیۆن دینار بووە کە نزیکەی 52%ی کۆی داهاتی هەرێم دەکات لەو مانگەدا.
بەگوێرەی داتای وەزارەتی دارایی و ماڵپەڕی شەفافیەتی سەر بە جێگری سەرۆکی حکومەت، داهاتی سنوری سلێمانی بەتەنها لە داهاتی هەولێر و دهۆک زیاتر بێت و داهاتی سنوری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک پێکەوە سێ ملیار دیناری کەمتر بێت لە داهاتی سلێمانی.
لە مانگی ئادار، داهاتی سلێمانی 44 ملیار و 500 ملیۆن دینار بووە لەو 86 ملیار دینارەی حکومەتی هەرێم وەک داهاتی مانگی ئادار ڕایگەیاندووە، ئەو بڕەشی کە دەمێنێتەوە دەکاتە 41 ملیار و 500 ملیۆن دینار داهاتی هەولێر و دهۆکە.
جیاوازی داهاتی سلێمانی لەچاو هەولێر و دهۆک لە کاتێکدایە لە مانگی ئادار بەهۆی جەنگی ئێرانەوە گرفت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی سلێمانی لەگەڵ ئێران درووستبوو، بەڵام ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سنووری تورکیا لە پارێزگای دهۆک ئاسایی بوو.