گرنگ

وێنەگرێکی بارزان جۆرێکی دەگمەنی باڵندە لە کوردستان و عێراق تۆمار دەکات

2026-06-06

 


بوار، تایبەت
لە دەستکەوتێکی زانستی و ژینگەیی نوێدا بۆ سروشتی کوردستان، وێنەگرێکی دەڤەری بارزان توانی جۆرێکی نوێی باڵندە لە کوێستانەکانی باڵەکایەتی بەدی بکات و وێنەی بگرێت، کە ئەمە یەکەمجارە ئەم جۆرە باڵندەیە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق بە فەرمی تۆمار بکرێت.

وێنەگری سروشت و باڵندە کێوییەکان، محەمەد دلێر بارزانی، لە گەشتێکیدا بۆ ناوچە شاخاوییە بەرزەکانی باڵەکایەتی، توانی وێنەی باڵندەی 'سەیرەی کێوی'، کە بە ئینگلیزیی بە Twite و بە زانستی بە Linaria flavirostris، ناسراوە پۆلێن و تۆمار بکات. بەم سەرکەوتنە نوێیەش، ژمارەی جۆرە تۆمارکراوەکانی باڵندە لە سروشتی کوردستاندا گەیشتە نزیکەی ٣٣٠ جۆر.

🟢تایبەتمەندییەکانی باڵندە نوێیەکە:
درێژیی باڵندەکە تەنیا ١٣ سانتیمەترە و زیاتر لە ناوچە شاخاوییە زۆر بەرزەکاندا نیشتەجێ دەبێت. ئەم باڵندەیە خاوەن ڕەفتارێکی کۆمەڵایەتییە و لە دەرەوەی وەرزی زۆربووندا بە کۆمەڵ دەبینرێت.

سەبارەت بە شێوازی دەرکەوتنی، دلێر بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە زۆر لە باڵندەی 'سەیرەی سنگ سوور' دەچێت، بەڵام چەند تایبەتمەندییەکی جیاکەرەوەی هەیە کە وایکردووە وەک جۆرێکی سەربەخۆ بناسرێتەوە، لەوانە:
🔹هەبوونی هێڵی برۆی کرێمی ڕەنگ.
🔹هێڵە ڕەشەکانی سەر گوێپەڕی و چەناگەی کرێمی.
🔹هێڵە ڕەشەکانی سەر سنگی و دەنووکە زەردباوەکەی.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color