داوا لە بارزانی دەکرێت بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبکاتەوە
بوار، تایبەت
لە دۆخێکی هەستیار و لێوانلێو لە ئاڵۆزیی سیاسی لە ناوچەکەدا، بانگەوازێکی نیشتمانی و نامەیەکی کراوە ئاراستەی بارزانی دەکرێت، تێیدا داوای دەستپێشخەرییەکی بەپەلە و باوکانە دەکرێت بۆ کۆکردنەوەی سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و یەکخستنەوەی ڕیزەکانی گەلی کورد.
لە نامەکەدا کە لە لایەن نەسرەت سۆفی برای فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچێکردووی هەولێر نووسراوە، هاتووە: 'هەرێمی کوردستان ئێستا بە دۆخێکی سیاسیی نەخوازراو و هەستیاردا تێدەپەڕێت. بۆ پاراستنی ئەم قەوارە دەستوورییەی کە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید، ئەنفال و کیمیابارانە، پێویستمان بە بڕیاری مێژوویی هەیە'.
نووسەری نامەکە، کە ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە بە هێنانەوەی وتەیەکی ناسراوی بارزانی کە هەمیشە دەڵێ: «نازناوی پێشمەرگەم لە هەموو ناونیشان و پۆستێک لا گەورەترە»، داوا دەکات کە وەک مەرجەع و ڕابەرێکی نەتەوەیی، لەژێر چەتری باوکانەی خۆیدا لوتکەیەکی سیاسی کۆبکاتەوە.
لە بەشێکی تری نامە کراوەکەدا تکا لە بارزانی کراوە لەژێر ڕۆشنایی دەسپێشخەرییەکانی پێشتریدا، (بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی، نێچیرڤان بارزانی و کاک مەسرور بارزانی) کۆبکاتەوە، تاوەکو وەک برا دەست لەناو دەست و یەکدەنگ، کۆتایی بەو ناکۆکییانە بهێنن کە نەیارانی کوردی دڵخۆش کردووە.
لە کۆتایی نامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە چاوی ئومێدی میللەتێکی مەزڵووم و کەسوکاری شەهیدان لەسەر بڕیار و هەنگاوەکانی بارزانییە، چونکە ڕێککەوتنی ئەم ماڵە گەورەیە لەژێر سایەی ئەودا، دەبێتە گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان و سەقامگیریی پاشەڕۆژی نەوەکانی داهاتوو.