#بوار
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی توندی لەسەر گیانلەدەستدانی پێشمەرگە (حاجی ئاسۆ) لە یەکێک لە زیندانەکانی شاری هەولێر بڵاوکردەوە و رووداوەکەی بە "تەمومژاوی و ناحەق" ناوبرد، هاوکات داوای دەستێوەردانی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات.
لە راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا هاتووە، لە دڵەوە نیگەران و غەمبارن بە مەرگی ئەو پێشمەرگەیە و پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خێزان و بنەماڵە سەربەرزەکەی دەکەن و خۆیان بە هاوبەشی ماتەمەکەیان دەزانن.
بەپێی پەیامەکە، یەکێتی هۆشداری دەدات لە دروستکردنی دۆسیە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و رایدەگەیەنێت: "ژیان و پێگەی پێشمەرگە زۆر لەوە گەورەترە، کە بەناوی جیاجیاوە تۆمەتی بۆ دروست بکرێت و شەهید بکرێت."
هەروەها مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە راشکاوی داوا لە لایەنە دەرەکییەکان دەکات بێنە ناو دۆسیەکەوە و دەڵێت: "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بە جدی لەسەر ئەم رووداوە بێنە سەر هێڵ و لێکۆڵینەوەی ورد بکەن." لە کۆتایی پەیامەکەشدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێشمەرگە رەمزی فیداکاری و مانەوەی گەلە و شایستەی ژیانێکی شەرەفمەندانەیە، نەک بخرێتە زیندانەوە و گیان لەدەست بدات.
گیانلەدەستدانی پێشمەرگە (حاجی ئاسۆ) دوای ئەوە دێت، کە ناوبراو ماوەیەک پێش ئێستا لە شاری هەولێر دەستبەسەر کرا و خرایە زیندانەوە و دوو رۆژ پێش ئێستا گیانلەدەستدانى راگەیەنراو پۆلیسى هەولێر دەڵێت، لە زیندان کۆتایی بە ژیانى هێناوە.