گرنگ

بەشداریمان لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەکردووە

2026-06-09

 


#بوار
بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاند، ئەمریکا بەشداری نەکردووە لەو هێرشانەی، کە بەیانی ڕۆژی دووشەممە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرانە سەر ئێران.

ماڵپەڕی «ئەکسێۆس» لە زاری بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکییەوە گواستییەوە، کە وتویەتی: "ئەمریکا بەشداری لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەکردووە."

هەروەها بەرپرسێکی ئەمریکی بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە، هێرشەکانی ئیسرائیل لە ڕووی مەودا و قەبارەوە "تا ڕادەیەک سنووردار" بوون.

هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بەیانی ڕۆژی دووشەممە هێرشی کردە سەر چەند ئامانجێکی سەربازی لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئێران، ئەمەش بەپێی ئەوەی سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە.

ئەم هێرشانە لە وەڵامی هێرشێکی مووشەکیی ئێراندا دێت بۆ سەر ئیسرائیل، کە ئەمە یەکەم هێرشە لە دوای ئاگربەستی 8ـی نیسانەوە.

ڕەنگە بەردەوامبوونی ئاڵوگۆڕی هێرشەکان ببێتە هۆی لەباربردنی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، لەوانەشە ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی جەنگ.

چەند کاتژمێرێک پێش هێرشەکانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردبوو، پەلە نەکات و وەڵام نەداتەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویانکردەوە، گوێبیستی دەنگی تەقینەوە بوون لە شارەکانی تاران، کەرەج، ئەسفەهان، تەورێز و کرماشان.

هەروەها دوای هێرشەکان، ئێران ئاسمانی خۆی لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی لە تاران داخست

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color