بوار، تایبەت
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووە، ئەنجومەنی راژەی گشتی، بە مەبەستی دامەزراندنی 250 كەس بەشێوەی گرێبەست لە فەرمانگەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە لینكی فۆرمی داواكاری بڵاوكردەوە.
ئاماژە بەوەكراوە، پڕۆسەكە 32 پسپۆڕیی جیاواز دەگرێتەوە و لە 10ی حوزەیرانەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت، هاوكات ئەنجومەنەكە چەند ڕێنماییەكی بۆ پڕكردنەوەی فۆرمەكە و یەكخستنی بەڵگەنامەكان دیاری كردووە.
ئەوەشهاتووە، دوابەدوای ڕەزامەندی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراویان ژمارە (12340) لە رێكەوتی 6/10/2025 و دیاریكردنی بواری پسپۆریی پێویست لەلایەن پارێزگای هەڵەبجە بە نووسراویان ژمارە (1/804) لە 30/3/2026 بۆ دامەزراندنی (250) كەس لە (32) پسپۆریی جیاواز لەسەر میلاكی گرێبەستی فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم لە سنووری پارێزگای ناوبراو، ئەنجومەنی راژەی گشتی لینكی فەرمی بۆ پڕكردنەوەی فۆرمی داواكاری دامەزراندن بڵاو دەكاتەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لینكی ئاماژەپێدراو لە رێكەوتی 10/6/2026 كارا دەكرێت و بۆ ماوەی (14) رۆژ تا رێكەوتی 24/6/2026 كۆتایی دەوامی فەرمی بەردەست دەبێت.
پڕكردنەوەی فۆرمی داواكاریی دامەزراندن لە لایەن پێشكەشكار تەنیا یەك جار و بۆ تەنیا یەك پسپۆری دەبێت و هەر پێشكەشكارێك زیاتر لە یەك فۆرمی داواكاری رەوانە بكات، لە پێشبڕكێی دامەزراندن دوور دەخرێتەوە و داواكارییەكەی بۆ هیچ پسپۆرییەك وەرناگیرێت.
پێویستە پێشكەشكار ڕاستی و دروستی زانیارییەكانی هاتوو لە ناوەرۆكی فۆرمەكەی بۆ هەر بڕگەیەك بە وێنەیەكی بەڵگەنامەی ڕەسەن پشتڕاست بكاتەوە. بە پێچەوانە خاڵی ئەو بڕگەیەی بە بێ بوونی بەڵگە پڕ كراوەتەوە هەژمار ناكرێت.