گرنگ

وەزارەتی دارایی هەرێم بە توندى وەڵامى جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق دەداتەوە

2026-06-09

 

#بوار
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی فەرمی و توندی بڵاوکردەوە، وەڵامى عەدنان فەیحان جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق دەداتەوە و سەرجەم ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە ئاراستەی هەولێر دەکرێن سەبارەت بە ڕادەستنەکردنی داهاتەکان، هاوکات بەغدا بە کەمتەرخەمی و بەکارهێنانی دۆسیەی دارایی وەک "گەمارۆیەکی ئابووری" تۆمەتبار دەکات.

وەزارەتی دارایی لە روونکردنەوەکەیدا جەخت دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019 و یاسای بودجەی فیدراڵی ژمارە 13ی ساڵانی (2023، 2024، 2025)، سەرجەم ئەرکەکانی سەرشانی بەجێگەیاندووە، ئامارەکان دەریده‌خەن، بۆ ساڵی 2025، هەرێم پشکی خەزێنەی فیدراڵی بەتەواوی ڕەوانە کردووە، بەڵام لە بەرامبەردا بەغدا تەنها مووچەی 10 مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی خەرج کردووە و بەبێ پاساو، مووچەی هەردوو مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ڕاگرتووە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە مووچەی سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ ئەو دوو مانگە دابەش کراوە.

سەبارەت بە ساڵی 2026، وەڵامەکە ڕوونیکردووەتەوە، پشکی خەزێنەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکان بۆ پێنج مانگی یەکەمی ساڵەکە نێردراوە، سەبارەت بە کەمبوونەوەی داهاتەکانیش لە مانگەکانی ئازار و نیساندا، وەزارەتەکە دوو هۆکاری سەرەکی دەستنیشان کردووە، کە بریتین لە ناسەقامگیری و بارودۆخی جەنگ لە ناوچەکە، لەگەڵ ڕێکنەکەوتن لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی گومرگی "ئاسیکودا" لە دەروازە سنوورییەکان.

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕاشکاوانە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم کێشەیە وەک کارتی فشار و "گەمارۆی ئابووری" دژی هەرێم بەکار هێنراوە، سەرەڕای ئەوەی هەرێم و حکومەتی پێشووی عێراق ڕێککەوتوون لەسەر ناردنی 50%ـی داهاتە نانەوتییەکان بۆ بەغدا و ئامادەکارییەکانی سیستەمی ئاسیکودا لە قۆناغی کۆتاییدان، بەڵام حکومەتی فیدراڵی لە دەرکردنی بڕیاری پێویست بۆ چارەسەری پرۆسەکە کەمتەرخەمییەکی گەورەی کردووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی ڕەخنەی ڕاستەوخۆ ئاراستەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەکات و پێیوایە، لە جیاتی داواکردنی بڕینی قوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، باشتر وابوو بەڕێزیان بەدوای چارەسەرێکی دەستووریدا بگەڕێت بۆ کێشەی "خەرجیی فیعلیی ناڕەوا".

هەروەها رایگەیاندووە، ئەم ماددەیە بووەتە هۆی بێبەشکردنی تەواوەتی هەرێم لە شایستە داراییەکانی و بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە تەنها دژی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

وەزارەتەکە داواکردنی بڕینی مووچەی بەشێک لە هاووڵاتییانی عێراقی لەلایەن فەیحانەوە بە "جێگەی سەرسوڕمان" وەسف دەکات، و جەخت دەکاتەوە کە بەرپرسێکی باڵای پەرلەمان پێویستە پارێزەری مافەکانی سەرجەم هاووڵاتییان بێت و پرەنسیپی یەکسانی بپارێزێت، نەک بانگەشە بۆ برسیکردنی توێژێکی دیاریکراو بکات.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color