گرنگ

شەوی ئاگر و ئاسن لە هورمز

2026-06-10

 

وردەکاریی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و مەترسییەکانی هەڵگیرسانی جەنگێکی هەرێمی
#بوار
درەنگی شەوی ڕابردوو، ناوچەی گەرووی هورمز بووە گۆڕەپانی فراوانترین و مەترسیدارترین ئاڵۆزیی سەربازیی نێوان واشنتن و تاران لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا.

ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی وردی کردە سەر ئامانجە ستراتیژییەکانی ئێران، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە خستنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێکی ئەمریکی لە جۆری (ئاپاچی).

ئەم پێشهاتە، جارێکی دیکە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵاتی هێنایە پێشەوە و گومانى خستە سەر ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدرێن.

وردەکاریی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە
ئەم بەرەبەیانە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆتاییهاتنی ئەو هێرشانەی ڕاگەیاند، وەک هەنگاوێکی "بەرگریکردن لە خۆ" وەسفی کردوون، ئۆپەراسیۆنەکە لە کاتژمێر 5ـی ئێوارە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا دەستی پێکرد.

هێزەکانی ئەمریکا بە بەکارهێنانی تەقەمەنیی زۆر ورد، لە ڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی سەربە هێزی ئاسمانی و دەریاییەوە، چەندین پێگەی هەستیاریان پێکا، لەوانە، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران، وێستگەکانی کۆنترۆڵی زەمینی، پێگەکانی ڕاداری چاودێری لە نزیک گەرووی هورمز.

سێنتکۆم جەختی لەوە کردەوە، ئەمە "وەڵامێکی گونجاو" بووە بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و کەشتییە بارهەڵگرە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان، کە بە ئاوە هەرێمییەکاندا تێدەپەڕن، هەروەها ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە ئامادەباشی و هۆشیاریی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەکی دیکە.

زیانەکانى ئێران چى بوون؟
هەر زوو لە لایەنی ئێرانییەوە دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە ناوچە کەناراوییەکان بیسترا، بەپێی ئاژانسە فەرمییەکانی ئێران و سەرچاوە ناوخۆییەکان، هێرشەکان بە شێوەیەکی سەرەکی درێژکراوەی پارێزگای هورمزگانیان گرتەوە، بەتایبەتی شاری بەندەر عەباس و دورگەی قشم، هەروەها ناوچەی سیریک لە کەناراوەکانی باشوور، کە بووە هۆی پێکانی دوو خەزانی ئاو و پچڕانی دابینکردنی ئاو لە ناوچەی (بامانی)، لەگەڵ بیستنی دەنگی تەقینەوەی نوێ لە ناوچەی (سیری).

هێرشەکان ئاماژەیە بۆ ستراتیژیەتی ئەمریکا لە چڕکردنەوەی فشارەکان لەسەر ئەو ناوچەیەی، کە بەسەر گرنگترین ڕێڕەوی دەریایی گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا دەڕوانێت.

هەڵوێستی کۆشکی سپی چییە؟
دۆناڵد ترەمپ بە توندی بەرگری لە بڕیاری هێرشەکە کرد و وتی: "هەلیکۆپتەرەکەی ئێمەیان خستە خوارەوە و ئێمەش ئێستا وەڵام دەدەینەوە".

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، بڕوای بە وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە هەیە، کە دەبێت زۆر بەهێز و کاریگەر بێت.

لە لایەکی دیکەشەوە، فەرماندەیی ناوەندی دڵنیاییدا، تیمی هەلیکۆپتەرە تێکشاوەکە لە نزیک کەناراوەکانی شانشینی عومان ڕزگارکراون و باری تەندروستییان جێگیرە.

وەڵامی تاران چى بوو؟
لە بەرامبەردا، ئێران گوتارێکی توندی بەکارهێنا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشداریدا، هیچ هێرشێک بێ وەڵام نابێت و داوای لە هێزەکانی ئەمریکا کرد ئەگەر سەلامەتییان دەوێت ناوچەکە بەجێبهێڵن.

هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، سوپای پاسداران ڕایگەیاند، بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئامانجەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج، کە ئەمەش مەترسییەکانی فراوانبوونی ململانێکەی بردە قۆناغێکی نوێوە.

ئەمە لەکاتێکدایە سەرەڕای ئەم پێکدادانە مەترسیدارە، دەرگای گفتوگۆ و دیپلۆماسی بە تەواوی دانەخراوە.

لێدوانەکانی ئەمریکا هێرشەکان وەک هەنگاوێکی "بەرگری" دیاری دەکەن، ترەمپ پێیوایە ڕەنگە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بگەنە ڕێککەوتن.

لە بەرامبەریشدا، ئێران جەخت لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکان دەکاتەوە بەو مەرجەی گرەنتیی ئەمریکی هەبێت و سەرمایە سڕکراوەکانی ئازاد بکرێن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color