گرنگ

شەوى ڕابردوو لە ئێران چى ڕوویدا؟

2026-06-11

 

 ئەمریکا هێرشى کردە سەر کوێ؟
#بوار
لە درەنگی شەو و بۆ 2ەمین ڕۆژ لەسەریەک، سوپای ئەمریکا شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانیی چڕی بۆ سەر چەندین ئامانجی سەربازی و ستراتیژی لە ناوخۆی ئێران ئەنجامدا، لە کاتێکدا لێدوانە دژبەیەکەکانی نێوان واشنتۆن و تاران سەبارەت بە داخستنی گەرووی هورمز و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بەردەوامە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا تەواوبوونی نوێترین شەپۆلی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕاگەیاند، کە بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جێبەجێ کراون.

هێرشەکان، کە لە کاتژمێر 5:15ـی ئێوارە بە کاتی کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا دەستیان پێکرد، تواناکانی چاودێریی سەربازی، سیستەمەکانی پەیوەندیکردن، وێستگەکانی ڕادار و ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان لە چەندین ناوچەی جیاواز کردە ئامانج، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری ئێران.

سێنتکۆم جەختی لەوە کردەوە، هێزەکانی دەریایی و ئاسمانی چەکی زۆر وردیان بەکارهێناوە و ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرگرییانە وەڵامێکن بۆ "دەستدرێژیی بەردەوام و بێ پاساوی ئێران".

لەسەر ئاستی مەیدانی، لە درەنگی شەو چەندین تەقینەوەی گەورە ناوچەکانی نزیک تارانی پایتەختیان هەژاند.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، 2 تەقینەوەی بەهێز لە شاری کەرەج (کە چەند کیلۆمەترێک لە ڕۆژئاوای تارانەوە دوورە) بینا و پەنجەرەکانی هەژاندووە، گومان دەکرێت فڕۆکەخانەی "پەیام" کرابێتە ئامانج.

هاوکات، ئاژانسی فەرمیی ئێران (ئیرنا) پشتڕاستی کردەوە، تەقینەوە لە شاری وەرامین لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تاران ڕوویداوە، لەگەڵ کاراکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە ڕۆژئاوای پایتەخت و بیستنی دەنگی تەقینەوە لە شارەکانی میناب، سیریک، بەندەر عەباس و قشم لە نزیک گەرووی هورمز.

هاوکات ئەمریکا بە توندی گێڕانەوەکانی ئێرانی سەبارەت بە داخستنی گەرووی هورمز ڕەتکردەوە، دوای ئەوەی فەرماندەیی سەربازیی ئێران ڕایگەیاند، گەرووەکەیان بە ڕووی سەرجەم کەشتییەکاندا داخستووە، سێنتکۆم بڵاویکردەوە، بانگەشەی داخستنی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە و هەواڵی بەئامانجگرتنی کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی "دوورن لە ڕاستییەوە".

هەروەها جەختی کردەوە، کەشتییە بازرگانییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی هاتوچۆ دەکەن و هیچ کەشتییەکی ئەمریکیش ڕووبەڕووی هێرش نەبووەتەوە.

ئێستا لەسەر ئاستی سیاسی، گرژییەکان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێی ململانێی ڕاگەیاندنەوە، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد، بەرپرسانی ئێرانی پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان پێوە کردووە و داوایان لێکردووە هێرشەکانی ئەمریکا ڕابگرێت، بەڵام کەمێک دوای ئەم لێدوانە، میدیا فەرمییەکانی ئێران لە زاری بەرپرسێکی باڵاوە هەر جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵ ترەمپ بە توندی ڕەتکردەوە.

سێنتکۆمیش جەخت دەکاتەوە، هێزەکانیان بە ئاگاداری و ئامادەیی تەواوەوە دەمێننەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێکی نوێ لە ناوچەکەدا. 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color