#بوار
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" وردەکارییەکانی ئەو لێکتێگەیشتننامەیەی ئاشکرا کرد، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئامادەیە بۆ واژۆکردن، کە بریتین لە ئاگربەست، دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران، لەگەڵ چوارچێوەیەک بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە ئەتۆمییەکە.
بەپێی "ئەکسیۆس"، لێکتێگەیشتننامەکە درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ دەستنیشان دەکات، کە لوبنانیش دەگرێتەوە، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەو ماوەیەدا، دەستبەجێ کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانی نێودەوڵەتیدا بەبێ باج، بە مەرجێک جووڵەی کەشتیوانی لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا بگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێش جەنگ، لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆی ئەمریکا لەسەر ئێران.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێککەوتنەکە پابەندبوونی ئێران لەخۆدەگرێت بەوەی خاوەنی چەکی ئەتۆمی نەبێت، هەروەها چارەسەرکردنی قەیرانی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست بەرز، لە کاتێکدا بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە، یەکێک لە بژاردە پێشنیارکراوەکان کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمە لە ناوخۆی ئێران لەژێر چاودێری پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
ماڵپەڕەکە ڕوونیشیکردەوە، هەر هەنگاوێکی جێبەجێکردن پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکە، بە ڕێککەوتنێکی دووەمی وردترەوە دەبەسترێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئاڵۆزییەکانی دۆسیەکەوە.
لە ڕووی ئابوورییەوە، ڕێککەوتنەکە لێخۆشبوونی کاتی لە سزاکان دەداتە ئێران، کە ڕێگەی پێدەدات بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ نەوت هەناردە بکات، بە مەرجێک کەمکردنەوەی سزاکان بە شێوەیەکی پلەبەپلە فراوانتر بێت ئەگەر تاران پابەندبێت بە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەوە و "نیازپاکی" خۆی لە دانوستانەکانی دواتردا نیشان بدات.
ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، چارەنووسی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوە هێشتا یەکێکە لە دیارترین خاڵەکانی ناکۆکی، چونکە تاران داوا دەکات دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە بەشێکی بەدەستبهێنێت، لە کاتێکدا واشنتن پێداگری دەکات لەسەر ئازادکردنی پارەکان بە شێوەی قیست، کە پەیوەستە بە ئاستی پابەندبوون بە جێبەجێکردنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، نێوەندگیرەکان دوای گفتوگۆکانی نێوان نێوەندگیری قەتەری و وەزیری دەرەوەی ئێران، لەگەڵ پەیوەندییە بەردەوامەکان لەگەڵ نێردراوەکانی ئەمریکا ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، گەیشتنە ئەم داڕشتنەی ئێستا.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دەقەکە ڕەزامەندی ئاستی باڵای ناوخۆی ئێرانی بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا ڕەزامەندی کۆتایی ڕێبەری باڵا (موجتەبا خامنەیی) بەدەستنەهێناوە، هاوکات نێوەندگیرەکان بەردەوامن لە کارکردن بۆ دانانی دواین دەستکارییەکان و دیاریکردنی کاتی مەراسیمی واژۆکردنەکە.
ڕاپۆرتەکە سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشاوە، لە ئەگەری واژۆکردنی بەڵگەنامەکە، پێشبینی دەکرێت ناوی "ڕێککەوتنی ئیسلام ئاباد" لەخۆبگرێت، بەو پێیەی قەتەر و پاکستان ڕۆڵی نێوەندگیریان لە نێوان هەردوو لادا گێڕاوە.