گرنگ

نامە خاوەکان و پەیوەندییە نهێنییەکان.. بەم شێوەیە واشنتن و تاران پەیوەندی دەکەن

2026-06-13

 

#بوار
ئاژانسی بلومبێرگ ئاشکرایکرد، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ڕێگەی ڕێڕەوێکی ئاڵۆز لە نێوەندگیر و نێردراوەکانەوە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش وەک میکانیزمێک، کە ئامانجی تاران تێیدا پاراستنی نهێنی شوێنی مانەوەی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ئێرانە.

ئاژانسەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی، شیکەرەوان و سەرچاوە ئاگادارەکانەوە گواستییەوە، پێشنیازەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ناگەنە تاران، بەڵکو بە چەندین کەناڵی دیپلۆماسیدا تێدەپەڕن، کە تیایدا نێردراوە ئێرانییەکان بەشدارن لە گواستنەوەی نامەکان بە مەبەستی دڵنیابوون لە ئاشکرانەبوونی شوێنی موجتەبا خامنەیی ڕابەرى ئێران.

بەپێی سەرچاوەکان، پرۆسەی پەیوەندیکردنی نێوان هەردوولا بە خاوی و ئاڵۆزی دەناسرێتەوە، چونکە ئاڵوگۆڕکردنی نامەکان لەوانەیە چەند ڕۆژێک بخایەنێت، ئەمەش وا دەکات زیاتر لە تۆڕێکی نامەگۆڕینەوەی ناڕاستەوخۆ بچێت تا دانوستانێکی ئاسایی.

بلومبێرگ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کۆتوبەندانەی خراونەتە سەر ئینتەرنێت لە ناوخۆی ئێراندا لە کاتی جەنگدا، سەختی پەیوەندیکردنیان زیاتر کردووە، تیشکی خستە سەر ئەوەی هەندێک لەو نامانەی لە ڕێگەی بەرنامەی "واتسئەپ"ەوە نێردراون، پێویستیان بە نزیکەی 48 کاتژمێر بووە بۆ ئەوەی بگەنە جێگەی مەبەست.

سەرچاوەکان ئەوەشیان خستەڕوو، نامە ئەمریکییەکان سەرەتا لە ڕێگەی بەرپرسانی پاکستانییەوە دەگوازرێنەوە، پێش ئەوەی لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی، یان دیداری ڕاستەوخۆوە بگەیەندرێنە تاران.

لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی باڵا لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند، واژۆکردنی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا پێویستی بە لایەنی کەم 5 ڕۆژ دەبێت، تەنانەت لە حاڵەتی ڕەزامەندی واشنتن لەسەر تەواوی داواکارییەکانی ئێران.

سەرچاوەکان جەختیان لەوە کردەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا، کەناڵێکی پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هێشتووەتەوە، کە ئەمەش ئامرازێکی پەیوەندیکردنە و واشنتن بە شێوەیەکی بەردەوام پشتی پێ دەبەستێت.

دەسەڵاتدارانی ئێران دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەو ئۆپەراسیۆنانەی سەرکردەکانی ئێرانیان کردە ئامانج، کۆتوبەندەکانی سەر چوونە ناو ماڵپەڕ و بەرنامە بیانییەکانیان توندتر کردبوو، پێش ئەوەی هێڵی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی لە ناوخۆی تاراندا بەشێک لە چالاکییەکانی لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووەوە دەستپێبکاتەوە، بەپێی وتەی پەیامنێری ئاژانسەکە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color