#بوار
نزیکبوونەوەی ڕێککەوتنی نێوان تاران و واشنتۆن ئیسرائیلی تووشی سەرسوڕمان کردووە.
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە نزیکبوونەوەی واشنتۆن و تاران بە ڕێککەوتنێک شۆک بووە.
بەپێی گوتەی بەرپرسە ئەمریکییەکە، ناتانیاهۆ سەرباری ئەوەش متمانەی خۆی بە ترەمپ دەربڕیوە، کە ڕێککەوتنە کۆتاییەکە چارەسەری نیگەرانییە هاوبەشەکانی هەریەک لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئەوەشی گوتووە، ناتانیاهۆ و بەرپرسانی دیکەی ئیسرائیل ترسیان لەوە هەیە، دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە و کۆتاییهاتنی جەنگ، لەوانەیە ئێران بەردەوام بێت لە دانوستانەکان بەبێ ئەوەی هیچ سازشێکی ڕاستەقینە لە بواری ئەتۆمیدا بکات.
لای خۆیەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران تا ئێستا یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ئەمریکا واژۆ نەکردووە، و پێیوایە ئەگەری گۆڕانکاری لە ئارادایە.
لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئێران، عێراقچی گوتی، پرسی ئەتۆمی لە قۆناغێکی دواتردا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ئەگەر ڕێککەوتنە کاتییەکە جێبەجێ بکرێت.
عێراقچی ئاماژەی بەوەشدا، کۆتاییهاتنی جەنگ لە سەرجەم بەرەکانەوە، لە نێویاندا لوبنان، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە کاتییەکەدا ڕادەگەیەندرێت، سەرباری کۆتاییهێنان بە گەمارۆکان و کردنەوەی گەرووی هورمز.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیش، عێراقچی جەختی لەوە کردەوە، تاکە ڕێگا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو، کەمکردنەوەیەتی لە ناوخۆی ئێراندا.
ڕۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پۆستێکی عێراقچی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" دووبارە بڵاوکردەوە، تیایدا جەختی لەوە کردبووەوە گەیشتن بە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان تاران و واشنتۆن لە هەر کاتێکی دیکە نزیکتر بووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، توانراوە بگەین بە دەقێکی کۆتایی بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ئەمریکا و ئێران.
شەریف لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: "دەتوانین جەخت لەوە بکەینەوە، گەیشتووینەتە دەقێکی کۆتایی بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی، لە ئێستاشدا پاکستان لەگەڵ هەردوولا کار دەکات بۆ دانانی دواین خاڵەکان لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو."