گرنگ

مەسرور بارزانی لەگەڵ بەریتانیا باس لە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات

2026-06-16

 

#بوار
مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، دوایین پێشهاتە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دۆخی گشتیی عێراق تاوتوێ کرد و هەردوولا خواستی خۆیان بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو نیشان دا.

بە گوێرەى راگەیەنراوێک، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر گرنگیی پشتیوانیکردنی حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرایەوە، وەک هەنگاوێکی پێویست بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە وڵاتدا و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، پرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا خرایە ڕوو. لەم چوارچێوەیەدا، باڵیۆزی بەریتانیا ستایشی سەردانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانی بۆ بەغدا کرد و بە هەنگاوێکی "سەرکەوتوو و ئەرێنی" وەسفی کرد بەرەو ئاراستەی چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی عێراق.

پرسە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی گرنگی کۆبوونەوەکە بوو، کە تیایدا بەڕوونی جەخت لەسەر پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە. هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی گرنگی یاسادانان، دەتوانێت ڕۆڵی یەکلاکەرەوە بگێڕێت لە کۆتاییهێنان بەو چەقبەستووییە سیاسییەی کە لە ئێستادا هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color