بوار، تایبەت
وەزارەتی کارەبا بڵاوی كردەوە، خۆشحاڵین بەڕاگەیاندنی داتای پسوولەکانی مانگی چوار لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی، كە زۆرینەی هاووڵاتیان لە مانگی چوار ماوەی خوولی پسوولەکەیان نزیکەی 40 ڕۆژە و نیوەیان 49هەزار كەمتریان بۆ هاتووەتەوە.
ئاشكراشی كردووە، لەم هەفتەیەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بڕی 3 ملیار دیناری وەک داشکاندن گەڕاندەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان وەک بەشێک لە ڕێکارە بەردەوامەکانی ڕاستکردنەوەی پڕۆسەی پسوولەکردن.
خشتەی یەکەم: نیوەی ماڵان لە پڕۆژەی ڕووناکی کەمتر لەم بڕانەی خوارەوەیان بەکارهێناوە و بۆیان گەڕاوەتەوە لە مانگی چوار
کوردستان 49,000
هەولێر 54,000
سلێمانی 41,000
دهۆک 57,000
هەڵەبجە 35,000
تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە 90٪ی هاوڵاتیانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لەڕێگای پڕۆژەی ڕووناکی.
بەپێی نرخە نوێیەکان، ٪80ی هاووڵاتیان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، بەردەوام پارەیەکی کەمتر دەدەن لە جاران بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسروور بارزانی، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند. دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبا بڕیاریدا لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارەبای کاتژمێری بۆ هەموو ماڵ شوێنە بازرگانییەکانی کوردستان دابین دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026