گرنگ

شۆک لە ئیسرائیل دوای هێرشەکەی جەى دی ڤانس.. "پەیامێک بۆ نەتانیاهۆ"

2026-06-21

 

#بوار
رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" ئاشکرایکرد، دوای ئەو رەخنە توندانەی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاراستەی وەزیرەکانی حکومەتەکەی بێنیامین نەتانیاهۆی کرد بەهۆی هەڵوێستی رەتکردنەوەیان بۆ رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران، دۆخێکی شۆک لەنێو ناوەندە سیاسییەکانی ئیسرائیلدا دروست بووە.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئیسرائیل پێی باشتر بووە وەڵامی راستەوخۆی لێدوانەکانی ڤانس نەداتەوە، وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە ئەویش لای خۆیەوە لەم رۆژانەی دواییدا چەندین جار رەخنەی لە نەتانیاهۆ گرتووە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی ئیسرائیل سەرسام بوون بە توندیی لێدوانەکانی ڤانس و ئەو پەیامانەی ئاراستەى بەرپرسانى وڵاتەکەى کردبوو، کە وەک هۆشدارییەکی ناڕاستەوخۆ سەبارەت بە داهاتووی پشتیوانی سەربازیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل سەیر دەکرێت.

لێدوانەکانی جێگری سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە هات، بێزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی و ئیتامار بن ڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی، رەخنەیان لەو رێککەوتنە گرت، کە ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ ئێران واژۆی کردووە.

رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئیسرائیلییەوە گواستییەوە، ڤانس "پەیامێکی روون ئاراستەی نەتانیاهۆ دەکات، کە پێویستە وەزیرەکانی کۆنتڕۆڵ بکات و رووبەڕووی ئیدارەی ئەمریکا نەبێتەوە."

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، هەڵوێستەکانی ڤانس رەنگدانەوەی ئاراستەیەکە لەنێو پارتی کۆمارییەکاندا، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە رێگەی دژایەتیکردنی ئاشکرای رەوتی رێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران، خۆی خستووەتە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ ترەمپ و ڤانس.

سەرەڕای بێدەنگی نەتانیاهۆ سەبارەت بە رێککەوتنەکە، بەڵام پێدەچێت ناکۆکییەکان لە دۆسیەی لوبناندا روونتر بن، چونکە ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە لە باشووری لوبنان بکشێتەوە پێش ئەوەی چارەسەری دۆسیەی چەکەکانی حزبوڵڵا بکرێت.

نەتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە پاراستنی بوونی ئەمنیی خۆی لە باشووری لوبنان تا ئەو کاتەی پێویستییە ئەمنییەکان وا بخوازن، جەختیشی کردەوە، هێزەکانی ئیسرائیل ناوچەکە جێناهێڵن پێش دڵنیابوون لە دوورخستنەوەی هەڕەشەکانی حزبوڵڵا لە سنوورەکانی باکوور.

رۆژنامەکە پێی وایە لەم قۆناغەدا نەتانیاهۆ خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی ئاشکرا لەگەڵ ترەمپ دەپارێزێت، لە کاتێکدا هەندێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل پێیانوایە رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئێران لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام نەبێت، ئەمەش پاڵ بە تەلئەبیبەوە دەنێت، کە لە ئێستادا سەرنجی لەسەر ئامادەکارییە سەربازییەکان و چاودێریکردنی پێشهاتەکانی قۆناغی داهاتوو بێت.

ئەم پێشهاتانە رەنگدانەوەی فراوانبوونی جیاوازییەکانی نێوان واشنتن و تەلئەبیبە سەبارەت بە دۆسیەکانی ئێران و لوبنان، سەرەڕای بەردەوامی هەماهەنگی ستراتیژی لە نێوان هەردوو لادا.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color