بوار، تایبەت
كۆمپانیای گەڵف كیستۆنی بەریتانی ڕایدەگەیەنێت، بەتەواوی ئامادەیە بۆ دەستپێكردنەوەی خێرای هەناردەكردنی نەوت لەهەرێمی كوردستان، لەكاتێكدا سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادەیی نیشانداوە بۆ گەرەنتی كردنی لایەنی ئەمنی كۆمپانیا نەوتییەكان لەكێڵگەكانی هەرێمی كوردستان.
كۆمپانیای گەڵف كیستۆن پێترۆلیۆم (GKP) ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند، كۆمپانیاكە هێڵە گشتییەكانی ستراتیجییەتی دولایەنەی خستوەتەڕوو، وەكو خۆی دەڵێت بنچینەكەی لەسەر كەمكردنەوەی خەرجییەكان و پاراستنی توانای دارایی و سەرمایەكەیەتی.
ئاماژەبەوەشكراوە، تیمە تەكنیكییەكانی گەڵف كیستۆن پلانێكی چالاك بۆ پاراستنی كێڵگەكە جێبەجێ دەكەن تاوەكو لەكاتی ڕەخسانی دەرفەتدا، بەبێ دواكەوتنی تەكنیكی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێبكاتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، ڕاگرتنی كارەكان لەكێڵگەی شێخان لە 28ـی شوباتی 2026، وەكو رێكارێكی پێشوەختە بۆ پاراستنی سەلامەتیی كارمەندان و كێڵگەكە بوە، كارگێڕیی كۆمپانیاكە جەخت دەكاتەوە ئەم وەستانە نابێتە بەردەوامی نەبونی چالاك و زیان، بەڵكو پرۆسەیەكی رێكخراوە بۆ پاراستنی تواناكانی كێڵگەكە، ئەمەش دەستەبەری ئەوە دەكات لەگەڵ باشبوونی رەوشی سیاسی و ئەمنی ناوچەكە، ئاستی بەرهەمهێنان راستەوخۆ بگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش ڕاگرتنی.