بوار، تایبەت
بەرەی گەل لە ڕاگەیێنراوێكدا داوای ئازادكردنی لاهوور شێخ جەنگی و 27 ئەندامی دیكەی بەرەی گەل دەكەن، هاوكات جەختیش لەوەدەكەنەوە كە سستیی كارەكانی دادگای سلێمانی بووەتە بەشێك لە بەرنامە و سیناریۆی لێپرسراوانی یەكێتی.
لەڕاگەیەندراوێكی بەرەی گەل كە ئاراستەی خەڵكی كوردستان، لایەنە سیاسییەكان، ڕێكخراوەكان و نێردە دیپلۆماسییەكان كراوە ئەوە خراوەتەڕوو پاش ڕووداوی لالەزار و شەهید و برینداربوونی چەند هەڤاڵێكمان، بەشێك لە دەستگیركراوەكان ئازاد كراون، بەڵام لە ئێستادا هێشتا 27 هەڤاڵمان لە زیندانەكانی ئاسایش و كۆماندۆ لە سلێمانی دەستبەسەرن.
ئاماژەبەوەشكراوە، لەبەر ئەوەی پێیان وایە دادگای سلێمانی لە ڕێڕەوی سروشتیی خۆی دەرچووە، داوا لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەین بە حوكمی یاسا دەستێوەردان لە دۆسییەكەدا بكەن و ڕێگە نەدەن بڕیارەكانی دادگای تەمییز پشتگوێ بخرێن.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیێنراوەكەدا، بەرەی گەل ڕەخنە لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێت كە وەك پارێزەری دەستوور و یاسا، تا ئێستا هیچ هەڵوێستێكی لەبەرامبەر ئەم كێشەیە نەبووە، هاوكات داوا لە هەموو ویژدانێكی زیندوو لە عێراق و كوردستان دەكات بێنە دەنگ و بێدەنگ نەبن، تاوەكو لاهوور شێخ جەنگی و سەرجەم دەستگیركراوەكانی دیكە ئازاد دەكرێن و سەروەریی یاسا بەرقەرار دەبێت.